خۆراکی سلێمانی: سەردانمان مەکەن

بۆ یەک دوو رۆژ سیستمی پسووڵەی خۆراک وەستا

ئەحمەد مستەفا

سیستمی ئەلیکترۆنی پسووڵەی خۆراک وەستاوە و بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی خۆراکی سلێمانی دەیەوێ، ئەم یەک دوو رۆژە کەس سەردانیان نەکات، چونکە کار بۆ هیچ کەسێک ناکرێ.

وەستانی سیستمەکە لە هەموو عێراق روویداوە.

ئەمڕۆ شەممە 21.11.2026، ئاراس محەمەد، بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراکی سلێمانی بە 964ی وت، ئەوەندەی زانیارییان پێ گەیشتووە، یەک بۆ دوو رۆژ سیستمەکە بەهۆی هەندێک گۆڕانکاری و پەرەپێدانی زانیاری و مامەڵەی ئەلیکترۆنی دەگۆڕدرێ.

وەستانی سیستمەکە بەجۆرێک ناتوانرێ هیچ مامەڵەیەکی هاوڵاتی تێیدا جێبەجێ بکرێ، ئەو داوای لە هاوڵاتییان کرد، ئەگەر کاریان بە بەڕێوەبەرایەتی ئەوان هەبوو، تا کارابوونەوەی سیستم سەردانیان نەکەن.

بەپێی ئامارە فەڕمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پسووڵەی خۆراکی سلێمانی بۆ سیستەمی نوێی ئەلیکترۆنی، زیاتر لە یەک ملیۆن و 552 هەزار کەس، کە دەکاتە نزیکەی %79 ناوی خۆیان تۆمار کردووە و زانیارییەکانیان نوێ کردووەتەوە.

بەپێی ئەو ئامارە، کۆی گشتیی ئەو هاوڵاتییانەی لە بنەڕەتدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی ناویان لە تۆماری پسووڵەی خۆراکدا هەبووە، نزیکەی یەک ملیۆن و 960 هەزار کەس بووە، بەڵام ئەوانەی تۆماری ئەلیکترۆنییان نەکردووە یان لە دەرەوەی وڵات بوون، بەشەخۆراکەکانیان راگیراوە.