ئێران و ئەمریکا
قسەی وەزارەتی دەرەوەیە
ئەمریکا: لەبری چارەسەری قەیران ئێران ناڕازییەکان لە سێدارەدەدات
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، هۆشداری لە زیادبوونی لەسێدارەدانەکان لە ئێران داوە و رەخنەی لە سیاسەتی حکومەتی ئێران گرتووە.
هەروەها، بەپێی راپۆرتەکە، 39 کەس لە بەشداربووانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەسێدارە دراون.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، حکومەتی ئێران لەبری چارەسەرکردنی قەیرانەکانی وڵات و وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی خەڵک، لەسێدارەدان و هەڕەشە بەکار دەهێنێت بۆ سەرکوتکردنی ناڕازییان.
بەپێی ئامارەکانی حکومەتی ئێران، لە مانگی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە زیاتر لە 730 کەس لەسێدارە دراون، سێ زیندانی سیاسی بە ناوەکانی ئەمیر دڵشاد، مەتین شەعبانی و ئارمان مەعریفەتی حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.
لە لایەکی دیکەوە، رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاندووە، لانیکەم 121 کەس لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی کانوونی دووەمیان بە لەسێدارە سزا دراوە؛ لەوانەش 6 ژن و 5 کەسی خوار تەمەنی 18 ساڵ هەن.