وێستگەی بەردەقارەمان - وێنە: گواستنەوەی کارەبای سلێمانی
ئێستا 6 بۆ 8 کاتژمێر دەدرێتە هاوڵاتیان
وەزارەتی کارەبا بەرچاوی روون نییە کەی کارەباى 24 کاتژمێرى دەگەڕێتەوە
وریا فەتاح
سەرەڕای هەوڵەکان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، هێشتا وەزارەتی کارەبا بەرچاوی روون نییە و نازانێت کەی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە، کاتەکانی پێدانیش هەر لە نێوان 6 بۆ 8 کاتژمێردا ماوەتەوە.
بەپێی نوێترین زانیارییەکانی وەزارەتی کارەبا، بارودۆخەکە وەک خۆیەتی و ئێستا توانای بەرهەمهێنانی کارەبا لە نێوان 1600 بۆ 1650 مێگاواتدایە، کاتەکانی پێدانی کارەباش وەک خۆی ماوەتەوە و 6 بۆ 8 کاتژمێرە.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژى وەزارەتى کارەبا بە 964ـى وت،”لەسەرخەتین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام هیچ شتێک نییە تا بزانین کەی دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە”.
روونیشى دەکاتەوە، بۆ ئەوەی کارەبا ببێتەوە 24 کاتژمێری، دەبێت هەموو ئەو غازەی پێش لێدانەکە هەبوو، بگەڕێتەوە.
شەوی 8.11.2026، کاتێک کاتژمێر 11:00ـی شەو هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و گواستنەوەی گازی سروشتی لە کێڵگەکەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیرا. هەر ئەو شەوە، هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا وتیان، لە هەوڵدان هێرشەکە کەمترین کاریگەری لەسەر کاتەکانی پێدانی کارەبا هەبێت و بە زووترین کات دۆخەکە ئاسایی ببێتەوە.
دواتر و لە رۆژی 11.11.2026، ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، لیژنەکان سەرقاڵی هەڵسەنگاندنن بۆ خەمڵاندنی زیانەکان تا بڕیار لەسەر کات و چۆنیەتی دەستبەکاربوونەوەی کێڵگەکە بدەن، لەو کاتەدا بەرهەمهێنان لە 1000 مێگاواتەوە بۆ 1500 مێگاوات و پێدانی کارەباش بە هاوبەشانی ماڵان لە 4 کاتژمێرەوە بۆ 6 کاتژمێر بەرزکرابووەوە.
ئێستاش لە دوای ئەو قۆناغەوە، توانای بەرهەمهێنان تەنیا گەیشتووەتە 1600 بۆ 1650 مێگاوات و وەزارەتی کارەبا هێشتا چاوەڕێی گەڕانەوەی تەواوەتیی غازەکەیە بێ ئەوەی وادەیەک بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخەکە دیار بێت.
بۆ ئەوەى کارەباى 24 کاتژمێرى بگەڕێتەوە، پێویستە بڕى بەرهەمهێنانى کارەبا زیاد بکرێت، هەرچەندە بە وتەى ئومێد ئەحمەد، لەم وەرزەدا کەمترین خواست لەسەر کارەبایە کە 2500 بۆ 3000 مێگاواتە، بەڵام لە وەرزى سەرمادا خواست تا 4500 مێگاوات بەرز دەبێتەوە.