دانیشتوویەکی گەڕەکی کۆبانێ لە کەرکوک: بڕیاریانداوە 33 خانوومان بڕوخێنن

964+
کاروان ساڵحی

دانیشتووانی گەڕەکی کۆبانێی کەرکوک لە دژی بڕیاری دروستکردنی پرۆژەی ئاوەڕۆ لەسەر بەشێک لە خانووەکانیان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی گردبوونەوە و داواکارن رێڕەوی ئەو پڕۆژەیە بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی تر.

گەڕەکی کۆبانێ دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی کەرکوک و لە دوای ساڵی 2003 دروستکراوە.

فازڵ عەبدوڵا دانیشتووی گەڕەکی کۆبانێ بە 964ی وت، ئەو خانووانەی بەر ئەو پرۆژەیە دەکەوێت 33 دانەن.

هەروەها وتی، “شارەوانی بانگەشە دەکات کە زەوی خانووەکانمان زیادەڕۆیە، بەڵام وانییە، کاتی خۆی زەوی کشتوکاڵی بووە و کڕیومانەتەوە”.

مەریەم مەحمود خەلیل دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکەیە بە 964ی وت، داوا دەکەن وەزیری شارەوانی عێراق بێتە سەر خەت و “بە هانامانەوە بێت چونکە ئێمە خەڵکێکی هەژار و کەمدەرامەتین”.