ئەمڕۆ ستوونەکانی کارەباش پاککرانەوە
نووسین و ریکلام لەسەر شۆستەو دیوار و پرد دابنێیت سزا دەدرێیت
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لەمەودوا نووسین و دانانی پۆستەر لەسەر دیوار و شەقام و شۆستە و پردەکان قەدەغەیە، هەرکەس ئەوە بکات شارەوانیی سلێمانی سزای دەدات.
بەم دواییانە شارەوانیی سلێمانی دەستی کردووە بە پاککردنەوەی شەقام و شۆستە و پردەکان لە نووسین و ریکلامەکان.
شارەوانیی سلێمانی کەمێک بەر لە ئێستا لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، دانانی پۆستەر و نووسین لەسەر شەقام و شۆستە و پردەکان پێچەوانەی یاسا و رێنمایی دانانی ریکلام و بڵاوکردنەوەیە.
“هەرکەسێک ئەو کارە بکات رێکاری یاسایی و لێپێچینەوەی بەرامبەر دەگرینەبەر”، راگەیەندراوەکەی شارەوانیی سلێمانی وادەڵێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 30.5.2023 بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی هەڵمەتێکی بۆ پاککردنەوەی ستوونەکانی کارەبا ئەنجام دا و رایگەیاند، ریکلامەکان زیانی زۆریان بە تۆڕەکانی کارەبا گەیاندووە.