پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەری نێوان عێراق و تورکیا راگەیەنرا

964+

فەهمی نەبی

بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی گواستنەوەی 10 وڵات، کۆنگرەی رێگەی گەشەپێدان لە بەغدا ئەمڕۆ شەممە بەڕێوەدەچێت، پڕۆژەکە لە بارەی کەرتی گواستنەوەی گشتییە، دوو هێڵی شەمەندەفەر و رێگەیەکی نێودەوڵەتیی وشکانی لەخۆدەگرێت، کە عێراق و تورکیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

بە گوێرەی کارنامەی ئەو پڕۆژەیەی ناوی لێنراوە پڕۆژەی “رێگەی گەشەپێدان” عێراق دەیەوێت رێگەکانی خۆی بە شەمەندەفەر بە تورکیا و دواتریش بە وڵاتانی ئەوروپا ببەستێتەوە.

پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان بۆ گۆڕانکارییە لە کەرتی گواستنەوەی عێراق، لە ناویاندا دوو هێڵی شەمەندەفەر لەخۆدەگرێت، لەگەڵ کردنەوەی رێگەیەکی ستراتیژی کە عێراق بە تورکیا دەبەستێتەوە، وا چاوەڕوان دەکرێت لە قۆناغی یەکەم هەلی کار بۆ 100 هەزار کەس دابین بکات، ئەمەش بە پێی قسەی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی قسەی کردووە.

وەزارەتی گواستنەوی عێراق دەڵێت، ژێرخانی پڕۆژەکە عێراق خۆی دابینی دەکات، بەڵام کڕینی شەمەندەفەرەکە و چەند پڕۆژەیەکی دیکە بە رووی کۆمپانیا بیانییەکان واڵا دەکرێت، کە کام وڵات دەیەوێت پڕۆژەکە وەربگرێت.

نوێنەری عێراق لە بانکی نێودەوڵەتی لە کۆنگرەکە وتی، “عێراق بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی کەرتی گواستنەوە 21 ملیار دۆلاری پێویستە لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا”.

بە پێی سەرچاوە عێراقییەکان، جگە لە شاندی وەزارەتی گواستنەوەی 10 وڵات، ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو، نوێنەری بانکی نێودەوڵەتی و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بەشدارن.

وا چاوەڕوان دەکرێت لە کۆنگرەی رێگەی گەشەپێدان عێراق کۆی ئەو پڕۆژەیەی رایدەگەیەنێت بگاتە 17 ملیار دۆلار، کە بە درێژایی چەندین دەیە عێراق پڕۆژەی ئاوا گەورەی بەخۆیەوە نەدیووە.