یانەی بیلادی چاوی لەوەیە بە کچانی کورد ببنە پاڵەوانی عێراق

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

تیپی فوتساڵی یانەی بیلادی دوای گرێبەست لەگەڵ شەش یاریزان و راهێنەرێکی کورد، ئەمجارە لەگەڵ سێ یاریزانی دیکەش گرێبەستی وزژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی جامی پاڵەوانیەتی فوتساڵی عێراق.

بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ پاڵەوانیەتی جامی عێراق، تیپی فوتساڵی کچانی یانەی بیلادی گرێبەستی لەگەڵ هەریەکە لە هەتاو مەحمود، رازاو محەمەد و کاژاو محەمەد، کچە یاریزانانی شاری هەڵەبجە ئەنجامدا.

ئەو سێ یاریزانە هەڵەبجەییە پارساڵ رۆڵی بەرچاویان هەبوو لە بەدەستهێنانی نازناوەکە بۆ یانەی نەفتی شیمال.

پێشتریش ئەو یانەیە گرێبەستی لەگەڵ راهێنەرێک و شەش کچە یاریزانی شاری سلێمانی ئەنجامدا بوو.

ئێستا نۆ کچە یاریزانی سلێمانی و هەڵەبجە لەژێر چەتری راهێنەرێکی کورد بەرگری لە درێسی یانەی بیلادی دەکەن و دەیانەوێت بیکەنە پاڵەوانی جامی فوتساڵی عێراق.

عەباس فەرەج، راهێنەری کوردی یانەی بیلادی شاری بەغدا بە 964ـی وت، ئەو سێ کچە یاریزانە رۆڵی کاریگەریان هەبووە لە دەستەبەرکردنی نازناوی عێراق بۆ یانەی نەفتی شیمال.

دەشڵێت: هەموو هەوڵێک دەدەن نازناوەکە بەدەستبهێنین.

پاڵەوانیەتی فوتساڵی عێراق لە 18 تاوەکو 26ـی ئەمانگی داهاتوو بە بەشداری 10 یانە لە شاری دهۆک بەڕێوەدەچێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق