زیاتر لە مانگێکە کارگەی ریسایکلی کواشێ لە دهۆک وەستاوە

964+

عەمار عەزیز-دهۆک

مانگێک زیاترە کارگەی ریسایکلینی کواشێ لە قەزای سێمێل کارەکانی راگرتووە، ئەمەش بە هۆی پێنەدانی پارە بەو بەڵێندەرەی کرێکاری بۆ کارگەکە دابین دەکرد.

لە کارگەی ریسایکلینی کواشێ، 80 کرێکار کاریان دەکرد، لە پارێزگای دهۆک چوار کارگەی ریساکلین هەن، دوو کارگە لە ناوچەی کواشێیە سەر بە قەزای سێمێل، کارگەیەکی تر لە قەزای ئاکرێ و ئەوەی دیکەیان لە قەزای ئامێدییە.

ئەمڕۆ بەرێوەبەری گشتیی شارەوانیەکانی دهۆک سەردانی کارگەکەی کردووە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی.

ئێستا بەهۆی وەستانی ئەو کارگەیە تەواوی زبڵ و خاشاکی سەنتەری دهۆک و قەزای سێمێل و کەمپەکان ژێر خوڵ دەکرێت.

حازم عەبدی، بەڕێوەبەری کارگەی ریساکلینی کواشێ بە 964ی وت، “وەستانی کارگەکە بەهۆی نەهاتنی ئەو 80 کرێکارەیە، لە بانک پارە بەو بەڵێندەرە نادرێت کە کرێکارەکان دەهێنێت، ئەو بەڵێندەرەش دەڵێت لەسەر حسابی خۆم ناتوانم کرێکار بێنم”.

بە وتەی حازم عەبدی، کارگەی کواشێ رۆژانە زبل و خاشاکی 800 هەزار کەسی سەنتەری دهۆک و قەزای سێمێل و کەمپەکانی ریسایکل دەکرد، رۆژانە 150 تۆن زبڵ ریساکلینی بۆ دەکرا، بەڵام ئێستا هەموو ژێر خوڵ دەنرێت،

حازم عەبدی نیگەرانی خۆی لەوە دەربڕی، کارگەکەیان نۆ بۆ 10 ملیۆن دۆلاری تێچووە کەچی ئاوای لێهاتووە.

بەڕێوەبەری کارگەی ریسایکلینی کواشێ دەڵێت، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی دهۆک بەڵێنیداوە کێشەکانمان بۆ چارەسەر بکات، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای دهۆک قسە دەکات، تا بەزووترین کات جارێکی دیکە دەست بە ریساکلینی زبڵ و خاشاک بکرێتەوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی