بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی سەندیکای پزیشکانی دهۆک. فۆتۆ: 964+
لە کۆنفرانسی سەندیکای پزیشکان
هەزار پزیشکی دهۆک داوای چاکسازی دەکەن
+964
عەمار عەزیز – دهۆک
لە ماوەی دوو رۆژدا لە دهۆک، نزیکەی یەک هەزار پزیشک بەشداریان لە یەکەمین کۆنفرانسی سەندیکای پزیشکانی پارێزگاکەدا کرد و 18 لێکۆڵینەوەیان پێشکەش کرد.
جگە لە لێکۆڵینەوەکانیان، بڕیارە پزیشکەکان کۆمەڵێک پێشنیار بۆ جێبەجێکردنی چاکسازی لە کەرتی تەندروستیدا، ئاراستەی وەزارەت بکەن.
د. ئاراز عەبدال، سەرۆکی لقی دهۆک لە سەندیکای پزیشکان بە 964ی وت، “پێشنیار و لێکۆڵینەوەکان پەیوەندیدار بوون بە بیمەی تەندروستی، ئەرک و مافی نەخۆش، ئەخلاقی کاری پزیشکی”.
بە وتەی د. ئاراز عەبدال، دوو پانێلیش رێکخران کە یەکێکیان تایبەت بوو بە چاکسازی لە کەرتی تەندروستی، و ئەوەی تر خوێندنی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان.
“دەرئەنجامی کۆنفرانسەکە ئەوە بوو، رای پزیشکانی بەشداربوو وەرگیرا لەبارەی کەرتی تەندروستی، هەروەها هەندێک راپۆرت و پێشنیار لەسەر چاکسازی کەرتی تەندروستی و زۆر بابەتی تر ئامادە دەکرێن و دواتر ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێن”، د. ئاراز عەبدال وای وت.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر