زیانی گیانی نەبووە

بەهۆی شۆرتی کارەباوە کلینیکی جوانکاری ڤڵۆ ستی ئاگری تێبەر بوو

964+

شۆڕش عەبدوڵا

بەهۆی شۆرتی کارەباوە ئاگر لە کلینیکی ڤڵۆ ستی بەربوو، جگە لە زیانی مادی ئەوا زیانی گیانی نەبووە.

ئاگرەکە بە دیاریکراوی کاتژمێر 10:15 خولەک روویداوە، هۆکارەکەش گەرمبوونی پلاستیکی تابلۆی دەرەوەی کلینیکەکەیە کە بەهۆی هەڵکردنی رووناکی ناو تابلۆیەکە گەرم بووە و دواتریش گڕی گرتووە و سووتاوە.

کلینیکی ڤڵۆ ستی، دەکەوێتە پشت خواردنگەی نازناز لە گەڕەکی نازناز کە ئەو گەڕەکە دەکەوێتە نێوان هەردوو شەقامی بازنەی 100مەتری و 40 مەتری، لەنێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و شوقەکانی نازناز کە ناسراوە بە شوقەکانی زەکەریا.

کلینیکی ڤڵۆ ستی، کلینیکێکی پزیشکی ددانە و دکتۆر رەوەز فاروقە و ئاگرەکەش جگە لە سووتانی تابلۆی دەرەوە ئەوا پەڕیوەتەوە ژوورەوە و زیانی بەر بەشێک لە ئامێرە پزیشکییەکانیش گەیاندووە.

بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـی وت، هۆکاری ئاگرەکە شۆرتی کارەبا بووە، دوو تیمی بنکەی ئاگر کوژێنەوەی عەنکاوە و نەورۆز کە نزیکن لە شوێنی رووداوەکە.

شێخ کافی، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی هەولێر کە لەگەڵ یەکێک لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنی رووداوەکە بوو، بە 964ـی وت، باڵەخانەکە، مەرجەکانی سەلامەتی تێدا نەبووە، ئەمە یەکێک لە هۆکارەکانی ئاگرەکە.

لای خۆیەوە رەوەز فاروق، بە 964ی وت، ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە روویداوە، تەنیا زیان بەر چەند ئامێرێک و پێشەوەی کەوتووە.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق