نەسەیف و سەیھود لە ناو دەستگیرکراوەکاندان

ئەوەی شەوی رابردوو لە بەغدا لێی قەوما کوتلەکەی محەمەد شیاع سودانی بوو

فەرهاد حەسەن

لە هەڵمەتێکی بێوێنە و فراواندا کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ناوچەی سەوزی بەغدای هەژاند، هێزە ئەمنییەکان بە سەرپەرشتی راستەوخۆی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرس و پەرلەمانتارانیان بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرد.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق ناوی دەستەی یەکەمی دەستگیرکراوەکانی بڵاوکردەوە کە 15 بەرپرسن لە کۆی 47 فەرمانی دەستگیرکردن.

زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەدەن کە ئەم هەڵمەتە دوای دانپێدانانەکانی (عەدنان جومەیلی) بریکاری دەستگیرکراوی وەزیری نەوتەوە دێت.

بەپیی لیستی دەستگیرکراوان، نزیکەی نیوەی دەستگیرکراوەکان ئەندامی “ئیئتلافی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان”ن کە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووم سەرۆکایەتی دەکات و لە دیارترین دەستگیرکراوەکانیشی بریتین لە، عالیە نەسەیف (پەرلەمانتار)، محەمەد سەیھود (پەرلەمانتاری پێشوو)، بەها نووری (پەرلەمانتار)، عەبدولڕەحمان لوێزی (پەرلەمانتار)، بوشرا قەیسی (پەرلەمانتار) و حەسەن خەفاجی (پەرلەمانتار کە بەمدواییە لە کوتلەکە جیابووەوە).

شەوی رابردوو بۆ بەغدا شەوێکی پڕ لە پێکدادان و جوڵەی سەربازی بوو،  سەرچاوەکان دۆخی ناوچەی سەوز لە شەوی رابردوودا بە “کودەتایەکی تەواو” وەسف دەکەن، کە ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانی دەزگای دژەتێرۆر و تانکەکان ناوچەی سەوزیان تەنیبوو و دەروازەکانیان داخستووە ، تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆش دەنگی تەقە و پێکدادان بە چەکی سووک و مامناوەند لە ناوچەی سەوز بیستراوە.

لەولاشەوە پشکنینێکی توند لەسەر رێگای فڕۆکەخانە نێودەوڵەتی بەغدا دەستیپێکردووە و ناسنامەی هەموو گەشتیاران وردبینی دەکرێت.

بەهۆی ئەوەی چەند بەرپرسێکی تۆمەتبار پێش گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان توانیویانە لە ناوچەی سەوز رابکەن و هەڵبێن، هەروەکو ئاژانسی (رۆیتەرز) بڵاویکردەوە، ئەمە وایکردووە هێزەکان پڕۆسەی گەڕان فراوانتر بکەن و سەرجەم دەروازەکان دابخەن.

لایخۆشییەوە، حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەت رایگەیاند، ئەم هەڵمەتە بە پاڵپشتی دەسەڵاتی دادوەری و بەپێی یاسا ئەنجامدراوە بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی متمانەی هاوڵاتیان.

دەستەی دەستپاکی فیدراڵیش پەیامێکی ئاڕاستەی گەلی عێراق کرد و وتی “ئێمە هێزی خۆمان لە پاڵپشتی گەل و سەروەری یاسا وەردەگرین.”

چاودێران پێشبینی دەکەن لە چەند کاتژمێر و رۆژی داهاتوودا ناوی نوێ و گەورەتر لە لیستی 47 کەسییەکەدا ئاشکرا بکرێن و پڕۆسەی “پاکتاوکردنی گەندەڵکاران”یش بەردەوام بێت.