نەوتی عێراق: لە مانگی نیسان زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار داهاتمان هەبووە
964+
فەهمی نەبی
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی یەک مانگدا، زیاتر لە حەوت ملیار دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆ، داهاتی فرۆشتنی مانگی نیسانی بڵاوکردەوە.
بە پێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی نەوت، لە ماوەی مانگی نیسان داهاتی نەوت حەوت ملیار و 796 ملیۆن دۆلار بووە، ئەو بڕە لە ئەنجامی فرۆشتنی 98 ملیۆن و 634 هەزار و 947 بەرمیل نەوت بووە.
لە ماوەی مانگی نیسان بە تێکڕایی هەر بەرمیلێك بە 79.04 دۆلار فرۆشراوە، ئەمە لە کاتێکدایە مانگی ئادار عێراق هەر بەرمیلێک نەوتی بە 74.385 دۆلار فرۆشتبوو.
وەزارەتی نەوت لە ئاماری مانگی نیسان رایگەیاندوە، رۆژانە سێ ملیۆن و 288 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە.
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی نیشتمانیی عێراق- سۆمۆ، هەموو سەرەتای مانگێک داهاتی فرۆشتنی نەوتی مانگانە رادەگەیەنێت.