کەسێک لەسەر شکاندنی کێلی گۆڕەکانی گۆڕستانەکانی هەولێر دەستگیرکرا

964+

شیراز عەبدوڵا – هەولێر

ئاسایشی هەولێر دەڵێت کەسێکمان دەستگیر کردووە کە کێلی گۆڕەکانی هەردوو گۆڕستانی شێخ ئەحمەد و سەید عومەریان شکاندووە.

کەمێک پێش ئێستا ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا دەستگیردنی ئەو کەسەی راگەیاند کە کێلی گۆڕەکانی شکاندووە.

ئاسایشی هەولێر دەشڵێت: دوای روودانی شکاندنی ژمارەیەک کێلی گۆڕ و سووتاندنی قورئانی پیرۆز، لە هەردوو گۆڕستانی شێخ ئەحمەد و گۆڕستانی سەید عومەر لە شاری هەولێر، تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، دەستیان بە لێکۆڵینەوه‌ی ورد کرد.

رووداوەکە شەوی پێنجشەممەی رابردوو روویداوە کە لە یەککاتدا لە هەردوو گۆڕستانی شێخ ئەحمەد و گۆڕستانی سەید عومەر، کێلی دەیان گۆڕ شکێندران.

ئاسایشی هەولێر، ئاماژەی بەوەداوە کە پاش کۆکردنەوەی زانیاری پێویست، تیمەکانمان توانییان کەسی تۆمەتبار بەناوی (ح. ص. م. ط) لەدایکبووی ساڵی 1986 و دانیشتووی گەڕەکی سێبەردانی شاری هەولێر دەستنیشان بکەن.

“ئه‌مڕۆ، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمه‌تبار دەستگیرکرا و دانی ناوه‌ به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و کاره‌ی له‌سه‌ری ده‌ستگیرکراوه‌”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق