نوێکراوەتەوە..

ئامێدی.. بەهۆی تەقینەوەیەک کەسێک گیانی لەدەستدا و دوو کەسیش بریندارن

964+

هێڤی دێوالی – دهۆك

کەمێک پێش ئێستا لە چیای ئەلهو لە سنووری دەڤەری ئامێدی بەهۆی تەقینەوەیەک کەسێک گیانی لەدەستدا و یەکێکیش بریندارە.

بەپێی زانیارییەکانی 964 کە لە سەرچاوەیەکی تەندروستی دەستی کەوتووە، ئەو سێ کەسە کە خەڵکی گوندی سپیندارن بۆ گیای بەهارە چوونەتە چیای ئەلهو کە بەشێکە لە زنجیرە چیای مەتین، بەڵام تەنێکیان پێدا تەقیوەتەوە کە هێشتا ساغ نەبووەتەوە کە مین بووە یان تی ئێن تی بووە، بەڵام بە قسەی دانیشتووانی کۆمەڵگەی کانی کە گوندەکە بەو کۆمەڵگایەیە، دەڵێن “تی ئێن تی” بووە.

کۆمەڵگەی کانی، دەکەوێتە سنووری قەزای ئامێدی و کەمێک لێیەوە دوورە.

دوای رووداوەکە تیمەکانی تەندروستی دەچنە چیای مەتین، بەڵام بەهۆی سەختی چیایەکە و نەبوونی رێگای ئۆتۆمبێل، بە ناچاری دوو کیلۆمەتر بە پێ دەڕۆن.

سەرچاوەیەک لە تەندروستی ئامێدی بە 964ـی وت، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی دهۆک دەکرێت، ئەوەیشی کە برینەکەی سەختە رەوانەی فریاکەوتنی دهۆک دەکرێت، بەڵام ئەوەی سێیەمیان کە برینەکەی سووکە هیچ کێشەیەکی نییە و دەتوانێت بە پێی خۆی بڕوات.

دڵشاد عەبدولرەحمان، کە پیشەی مامۆستایە و تەمەنی 35 ساڵە بەهۆی تەقینەوەکە گیانی لەدەستداوە، ئەوەی دیکەش کە بە سەختی بریندارە تەمەنی لەنێوان 30 بۆ 35 سال دەبێت.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق