نرخ و تایبەتمەندیان هۆکارە

توێژینەوەیەک: ئۆتۆمبێلە چینییەکان بەخێرایی لە بازارەکانى کوردستان زیادیان کردووە

دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى

توێژینەوەیەکی نوێ کە پشتی بە داتای فەرمی و راپرسیی هاووڵاتیان بەستووە، ئاشکرای دەکات کە خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی چینی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەخێراییەکی بەرچاو گەشەی کردووە، بەتایبەتیش لە ساڵی 2021ـەوە ئەم گەشەکردنە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە.

بنار هیوا، توێژەر لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی چین لە زانکۆی سلێمانی بە 964ـى وت،”لە توێژینەوەکەدا، کە سوود لە داتاکانی حکومەت وەرگیراوە و 1147 کەسیش وەک بەکارهێنەر بەشدارییان تێدا کردووە، دەرکەوتووە کە خەڵک تەنیا بەدوای ئۆتۆمبێلی هەرزاندا ناگەڕێن، بەڵکو تەکنەلۆژیاش رۆڵی هەیە. بەپێی ئەنجامەکان، سیستەمی هەستەوەرەکان لە ئۆتۆمبێلە چینییەکاندا، سەرنجڕاکێشترین خاڵ بووە لای شۆفێران و بەکارهێنەران”.

سەبارەت بەو دوودڵییەی پێشتر لە ناو خەڵکدا بەرامبەر بەرهەمی چینی هەبوو، بنار هیوا، دەڵێت: هەموو بەرهەمێکی نوێ کە دێتە بازاڕەوە، سەرەتا بە کۆمەڵێک دەنگۆوە پێشوازی لێ دەکرێت، هەرچەندە ئۆتۆمبێلی چینی نزیکەی دەیەیەکە بە بازاڕی ئێمە ئاشنایە، بەڵام سەرەڕای ئەو نادڵنیاییەش، خەڵک بەخێرایی روویان تێکردووە.

بە وتەی ئەو توێژەرە، قبوڵکردنی ئۆتۆمبێلە چینییەکان لای بەکارهێنەری کورد تەنیا پەیوەندی بە هەرزانیی نرخەکانیانەوە نییە، بەڵکو ئەو تایبەتمەندی و “مواسەفاتانەی” لە ئۆتۆمبێلەکاندا هەیە سەرنجی کڕیارانی راکێشاوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح