کردنەوەى کارگەى کەرپوچ لە هەولێر
99%ـی کارمەندەکانی ناوخۆیین
خاوەنى گەورەترین کورەیە لەسەر ئاستى جیهان؛ گەورەترین کارگەی کەرپووچ لە هەولێر کەوتە کار
964+
وریا فەتاح
لە سنووری پارێزگای هەولێر، کارگەیەکی زەبەلاحی بەرهەمهێنانی خشت و کەرپووچ کەوتە کار، کە خاوەنی “گەورەترین کوورە”یە لەسەر ئاستی جیهان و رۆژانە 1200 تۆن بەرهەمی هەیە.
پارێزگاى هەولێر بڵاوى کردەوە کە کارگەکە ناوی (ئەکەد بریک – Akkad Brick)ـە، رۆژانە پێنج جۆری جیاوازی کەرپووچ بەرهەم دەهێنێت و سەرجەم قۆناغەکانی کارکردنی بە تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی ئەوروپی و بە سیستەمی ئۆتۆماتیکی بەڕێوەدەچێت.
ئەوەی لەم کارگەیەدا جێگەی سەرنجە، پشتبەستنە بە دەستی کاری خۆماڵى، بەجۆرێک 99%ـی کارمەند و کرێکارەکانی ناوخۆیین.
بەپێى راگەیەندراوەکەى پارێزگاى هەولێر، کارگەکە نزیکەی 250 هەلی کاری راستەوخۆ و 200 هەلی کاری ناڕاستەوخۆی رەخساندووە، هەروەها تیشکی خستووەتە سەر دامەزراندن و راهێنانی ئەو ئەندازیارە گەنجانەی کە تازە زانکۆیان تەواو کردووە.