شێرپەنجە
سپایدەرمان بۆ دڵخۆشى منداڵان سەردانى نەخۆشخانەى هیواى کرد
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
لەبری ئەوەی بەسەر دیوار و باڵەخانەکاندا سەربکەوێت، “سپایدەرمان”ـەکەی شاری سلێمانی رووی کردە نەخۆشخانەی هیوا، تاوەکو بزە و پێکەنین بخاتە سەر لێوى ئەو منداڵانەی رۆژانە شەڕی مانەوە لەگەڵ شێرپەنجە دەکەن.
باکۆ ئەحمەد، گەنجێکی شاری سلێمانییە و لە دەستپێشخەرییەکی خۆبەخشانەی مرۆییدا، جلی کەسایەتییە پاڵەوانەکەی ناو فیلمەکان (سپایدەرمان)ـی پۆشی و سەردانی بەشی منداڵانی نەخۆشخانەی هیوای کرد.
ئەمە یەکەمجار نییە باکۆ ئەم کارە دەکات، ئەو دەڵێت سێ ساڵ لەمەوبەریش چووەتە نەخۆشخانەى هیوا و منداڵانى دڵخۆش کردووە. ئەوەشى هانی داوە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە لایان، بەتایبەت دوای ئەوەی خودی منداڵەکان داوایان کردبوو دووبارە سەردانیان بکاتەوە. ئەمجارەش بە دەستی بەتاڵ نەچوو بوو، بەڵکو چەندین دیاری لەگەڵ خۆیدا بردبوو و پێشکەشی کردن.
باکۆ ئەحمەد، سەبارەت بە پاڵنەری ئەم کارەی بە 964ـى وت،”من سەرمایەدار نیم تاوەکو بتوانم بە پارە هاوکاری ئەو منداڵانە بکەم، بەڵام ویستم لە رێگەی ئەم کارە بچووکەوە، لانیکەم دڵیان خۆش بکەم و بۆ ساتێکیش بێت، ئازارەکانیان لەبیرببەمەوە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح