حکومەت: دەبێت جووتیارانی کوردستان دڵنیابن لە فرۆشتنی بەرهەمەکانیان
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە و تاوتوێی سێ بابەت کران کە دیارترینیان پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لەلایەن کۆمپانیای گشتیی دانەوێڵەی عێراقی و ئەنجامی چوونی شاندی حکومەت بۆلای قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران بوو.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی راسپارد رێکاری پێویست بگرنەبەر و لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بن بۆ کڕینەوەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان.
“سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو هەوڵێک بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی جووتیارانی کوردستان دڵنیابن کە بەرهەمەکانیان دەکڕدرێتەوە”، بەپێی راگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری.
ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی ئەنجامی چوونی شاندی حکومەت بۆ لای قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، “جارێکی دیکە داوا دەکەین کە بگەڕێنەوە و ئەرکە یاسایی و کارگێڕییەکانی خۆیان لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان جێبەجێبکەن”.
لە رۆژی 26.10.2023ـەوە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی نەکردووە، دوای نزیکەی دوو مانگیش، وەزیرەکانی یەکێتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کرد.