دوای 125 ساڵ لە تەمەنی رۆژنامەگەری کوردی
لە هەرێمی کوردستان تەنیا چوار رۆژنامە دەردەچێت
964+
فەهمی نەبی
بەپێی بەدواداچوونی 964 ئێستا لەهەرێمی کوردستان تەنیا چوار رۆژنامە دەردەچێت، لە کاتێکدا ژمارەی ئەو رۆژنامانەی لە سەندیکای رۆژنامەنوسان مۆڵەتیان هەیە 260 رۆژنامەیە.
ئەمڕۆ 125 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دەرچوونی رۆژنامەی کوردستان وەک یەکەم رۆژنامەی کوردی.
یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستان لە 22ی نیسانی 1898 لە قاهیرە و لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان دەرچووە.
سیروان نەجم، کە ماوەی 30 ساڵە کاری فرۆشتنی رۆژنامە و گۆڤارە و بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت، ئێستا تەنیا چوار رۆژنامە دەردەچن، هەریەکە لە خەبات، کوردستانی نوێ و هەولێر رۆژانەن، رۆژنامەی هاوڵاتی بەشێوەی هەفتانە دەردەچێت.
ئاماری سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان دەریدەخات بەکۆی گشتی لە هەرێمی کوردستان 973 رۆژنامە و گۆڤار مۆڵەتیان هەیە، لەو ژمارەیە 713 گۆڤارە و 260ی رۆژنامەیە.
لەبارەی ژمارەی ئەو ماڵپەڕانەی مۆڵەتیان هەیە ئاماری سەندیکا دەریدەخات، تەنیا 105 ماڵپەڕ لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان هەیە، لەو ژمارەیە 52 ماڵپەڕ لە پارێزگای سلێمانی و 37 لە هەولێر و 15 لە دهۆک و یەک ماڵپەڕ لە گەرمیانە.