سەرۆكی كۆمسیۆن
دەستلەکارکیشانەوەی راگەیاند
964+
فەهمی نەبی
سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کردووە، بەڵام هێشتا رەزامەندی لەسەر داواکەی نەدراوە.
ئەمڕۆ 19.4.2023 دادوەر جەلیل عەدنان، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە راگەیاند.
پێکهاتەی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە 9 ئەندام پێکدێت، حەوت دادوەر و دوو راوێژکاری یاسایین، سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان دەکەن، لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چاودێری دەکرێن.
سەعید کاکەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی کۆمسیاران بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت: دادوەر جەلیل عەدنان، کارەکانی زۆر شەفاف بووە، سەرەڕای هەموو ئەو توانجەی لە هەڵبژاردنی 2021 دەدرا، بەڵام ئەو دادوەرەو ستافەکەی گوێیان بەهیچ فشارێک نەدا و خۆیان بەدوور گرت لەو ململانێیە.
بەگوێرەی زانیاریەکانی 964 کێشەکانی ئەنجومەنی کۆمسیاران، لەو کاتەوە سەریهەڵداوە، ئەو کاتەی ئەندامانی رەوتی سەدر دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان راگەیاند و کۆمەڵێک ئەندامی نوێ هاتنە پێشەوە کە لە هەڵبژاردنەکان دەرنەچوو بوون، دادوەر جەلیل لە دادگای فیدرالی تانەی لەو پرۆسەیەدا، بەڵام دادگاکە ئەو تانەیەی رەتکردەوە، ئەمە بووە هۆکاری سەرهەڵدانی گرفت لەنێوان دادوەر جەلیل و چوارچێوەی هەماهەنگی.
سەعید کاکەیی، دەڵێت: کاتێک چوارچێوەی هەماهەنگی لەرێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان دیاریکرد، کە 20.11ی ئەمساڵە، دادوەر جەلیل دووجار سەردانی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد، وتی هێشتا پڕۆژە یاسای بودجە تێنەپەڕیوە و هەشت مانگمان پێویستە بۆ هەڵبژاردن، داوای کرد هەڵبژاردن دوابخرێت بۆ مانگی سێی ساڵی داهاتوو، بەڵام ئەمە رەتکرایەوە.
بەوتەی سەعید کاکەیی، ئەو هۆکارانە بوونەتە ئاکامی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران.
دەقی دەستلەکارکێشانەوەکە: