دەستکرا بە دابەشکردنی بەشە ئاردی مانگی سێ
964+
فەرمان سادق
ئامادەکارییەکان بۆ دابەشکردنی ئاردی مانگی سێ کراوە و بەڕێوەبەری گشی بازرگانی هەرێمیش دەڵێت: رەنگە بۆ کۆتایی ئەم مانگە ئاردەکە بگاتە دەستی هاوڵاتیان.
بەشی بە بازاڕکردنی کۆمپانیای گشتی دانەوێڵەی عێراقی، ئاگاداری لقەکانی لە پارێزگاکانی عێراق دەکاتەوە لەبارەی دابەشکردنی بەشە ئاردی مانگی سێ.
لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپیەکی دەست 964 کەوتووە، کۆمپانیایەکە دەڵێت: خشتەیەک دانراوە و هەموو بریکارەکانیش ئاگادار کراونەتەوە، هەروەها هەردوو کۆمپانیای دانەوێڵە و بازرگانی لە هەماهەنگی دان بۆ ئەوەی گەنمی پێویست بدرێت بە ئاشەکان و بکرێت بە ئارد و دابەشی سەر بریکارەکان بکرێت تاوەکو وەک بەشە ئاردی مانگی سێ بەسەر هاوڵاتیان دابەش بکرێت.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان لە لێداونێکی تایبەت بە 964 وتی: 16ـی ئەم مانگە رێژەی 25%ـی گەنم بۆ کردنە ئارد بەسەر ئاشەکان دابەشدەکرێت.
دەشڵێت: بەشە گەنمەکە دەگاتە کوردستان و تێکەڵ دەکرێت لەگەڵ ئەو گەنمەی لە سایلۆکانی کوردستان هەیە و رەوانەی ئاشەکان دەکرێت بۆ ئەوەی بکرێت بە ئارد و بەسەر هاوڵاتیان دابەشبکرێت.
لە ئێستادا هاوڵاتیان بەشە ئاردی مانگی یەک و دووی ئەمساڵیان وەرگرتووە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات لە کۆتایی ئەم مانگە بەشە ئاردی مانگی سێ بەسەر هاوڵاتیان دابەشبکرێت.