رێژەی قەرەباڵغی لە زیندانەکانی عێراق گەیشتۆتە %300

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند، رێژەی قەرەباڵغی لە زیندانەکانی عێراق گەیشتۆتە %300 ئەمەش ئاستی هەرە باڵایە لە رێژەی زیندانی لە عێراق.

ئەمڕۆ هەینی، کامل ئەمین وتەبێژی وەزارەتی داد بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندوە، بەڕێژەیەکی بەرز ئاستی زیندانەکانی عێراق قەرەباڵغ بووە، ئەوەشی وتوە، وەزارەتی ناوخۆ 10 ساڵە هیچ پاسەوانێکی نوێی بۆ زیندانەکان دانەناوە ئەوانەی لە زیندانەکانی پاسەوانن سەرجەمیان تەمەنیان لە 50 ساڵ بەسەرەوەیە.

وتەبێژەکەی وەزارەتی داد ئەوەی راگەیاندوە، لەگەڵ تێپەڕینی پڕۆژە یاسای بودجە لە پەرلەمان، دەرگای دامەزراندن بۆ پێنج هەزار پاسەوان دەکرێتەوە.

هاوکات پلانی وەزارەتی داد خراوەتە روو کە بەنیازن بە سێ قۆناغ چاکسازی لەزیندانەکان بکەن، بەجۆرێک قۆناغی یەکەم زیندانەکان فراوان بکەن، قۆناغی دواتر کردنەوەی بەشی چاکسازی زیاد بکەن، دواین قۆناغ زیندانی نوێ لە شارەکان دروست بکەن.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی داد بە تۆڕی جەزیرەی راگەیاندوە، لە عێراق 30 زیندانی هەیە، هاوکات 59 هەزار زیندانی تیایاندا دەژین، لەو رێژەیە هەزار و 500 زیندانی ژن بوونی هەیە.