بڕیارە سەمون لە بری ئاردی بایەعی دابەش بکرێت
964+
فەهمی نەبی
تیمێکی وەزارەتی بازرگانی سەرقاڵی جێبەجێکردنی بیرۆکەی دابەشکردنی سەمونن لە بری ئاردی بایەعی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەو هەواڵەی بڵاوکردووەتەوە.
بە گوێرەی هەواڵەکەی وەزارەتی بازرگانی تیمەکانیان لە شاری بەغدا لە هەوڵی جێبەجێکردنی ئەو بیرۆکەیەن، ئەمەش لە پێناو سوودبینی هاوڵاتیان لەو بەشە ئاردەی مانگانە وەریدەگرن.
ئەوەش هاتووە، بیرۆکەکە ناچاری نییە و هاوڵاتییان ئازادن لە هەڵبژاردنی ئەو پێشنیازە.
وەزارەتی بازرگانی رایگەیاندووە، ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان سوود لەو بڕە ئاردە وەرناگرن و بەشێکیان بە نرخێکی کەم دەیفرۆشنەوە بریکارەکانی خۆراک.
بە پێی هەواڵەکە بێت، هاوڵاتیان مانگانە لە سەمونخانەکانی گەڕەک، لە بری ئەو ئاردەی لە بەشە خۆراکی مانگانە وەریدەگرن، رۆژانە بڕێکی دیاریکراو سەمون وەردەگرن، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی ئەو سەمونە بکات، کە هەر خێزانێک بۆ مانگانە پێویستیەتی.