شارەوانی دهۆک: قەرەبووی زیانلێکەوتووانی لافاوەکە دەکرێتەوە

964+

هێڤی دێوالی-دهۆک

ئەگەرچی دەزگەی کەشناسی رایگەیاندوە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، زۆرترین رێژەی بارانبارین لە پارێزگای دهۆک بووە، بەڵام تا ئێستا زیانەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاو لە قەزا و ناحیەکانی ئەو پارێزگایە تەنیا زیانی مادی بووە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

لە قەزای ئاکرێ، ئاو چووەتە نێو زیاتر لە 100 ماڵ، هاوکات لە گەڕەکەکانی شۆڕش و ئاڵا ئاو چووەتە ناو 20 دوکان، زیان بەر چەندان قوتابخانە و مزگەوت کەوتووە، ئاو چووەتە نێو تەکیەی شێخ عەبدولعەزیز.

بە پێی خەمڵاندنەکان زیانی 100 ملیۆن دینار بەر هاوینەهەوارەکانی ئەو قەزایەش کەوتووە.

هێشتا زیانەکانی قەزای بەردەڕەش دیار نین، بەڵام ئاو چووەتە ناو زیاتر لە 100 ماڵی ئەو قەزایە، هاوکات 25 ستوونی کارەبا لەکارکەوتوون، زیانی مادی بەر چەندین گوند کەوتووە.

لە قەزای شێخانیش زیان بەرهەریەکە لە گوندەکانی مەلا بروان، ناحیەی قەسرۆک و ناحیەی کەلەکچی کەوتووە.

لە قەزای ئامێدی، وا دەخەمڵێندرێت بە بەهای 100 ملیۆن دینار زیان گەیشتبێتە هاوینەهەواری گەلی شێرانە و 20 هاوینەهەواری دیکە و 30 کەپر، لە ناحیەی بامەڕنێ زیان بەر 15 ماڵ کەوتووە و چوار ئۆتۆمبێڵ ژێر ئاو کەوتوون، لە ناحیەی شیلادزێ پڕۆژەی ئاوی دێرەلوک لەکارکەوتووە.

ئەمیر ئەتروشی، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی گشتیی پارێزگای دهۆک بە 964ی وت “لە ئەنجامی لافاوەکەی دوێنێ شەو تەنیا زیانی مادی هەبووە، بەدواداچوون بۆ بڕی زیانەکان دەکەین، بڕیارە پارێزگاری دهۆک قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکاتەوە”.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی