گوندی خەتارێی گەورە
بۆ ئاهەنگی بووک گواستنەوە بڕیارێکی جیاواز دەدەن
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
خەڵکی گوندی خەتارێی گەورە، بڕیاریان داوە چیتر لە ئاهەنگی بوک گواستنەوەی گوندەکەیان خواردن دروست نەکەن، ئەنجومەنی گوند دەڵێت، پێویستە هەموو خەڵکی گوند پابەند بێت پێیەوە.
گوندی خەتارێی گەورە، دانیشتوانەکەی ئێزيدین، دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای پارێزگای دهۆک.
مولحەم رەشۆ خودێدا، موختاری گوندی خەتارێی گەورە بە 964ی وت، لەگەڵ جڤاتی گوند کۆبوینەوە، گەیشتینە ئەو بڕیارەی لە ئاهەنگی بوک گواستنەوە لێنانی خواردن قەدەغە بکەین، چونکە مەسرەفێکی زۆر لەسەر خانەوادەی زاوا دروست دەکات.
موختاری گوندەکە ئەوەشی وت “بڕیارە ئیدی لەبری خواردن، کێک و ساردی دابەشبکەین، ئەوە تێچووی کەمترە”.
گوندی خەتارێی گەورە، یەکێکە لە گوندە گەورەکانی سەر ئاستی عێراق، ژمارەی دانیشتوانی دەگاتە 13 هەزار کەس و سەر بە ناحیەی ئهلقۆشی سهر به قهزاى تلكێفە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی