پردێکی هونەری بۆ پەڕینەوەی خوێندکاران دروست دەکرێت
دوو هەزار خوێندکار دەحەسێنەوە
میدیازان – فەرمان سادق – هەولێر
دوای ساڵانێکی زۆر لە چاوەڕوانیدا، دیزاینی ئەو پردەی خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی شەوکەت شێخ یەزدین داوایان دەکرد، تەواو بووە. هاتوچۆی هەولێریش دەڵێ، حیساب بۆ خاوەن پێداویستی تایبەتیش کراوە سوودی لێ ببینن.
دیزاینی پردەکەی بەردەم بەشە ناوخۆیی شەوکەت شێخ یەزدین، کۆتایی هاتووەو، پۆلیسی هاتوچۆش دەڵێ پردەکە جیاواز دەبێت لەو پردانەی تا ئێستا لە هەولێر کراون.
فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر بە میدیازانی راگەیاند پردەکەی بەردەم بەشە ناوخۆیی شەوکەت شێخ یەزدین، دیزاینێکی زۆر هونەریانەی بۆ کراوە، بەو پێیەی شوێنەکەی جێیەکی ستراتیژی و دەروازەی هاتنەناو هەولێرە لە باشوورەوە.
زیاتر وتی “توحفەیەکی هونەری دەبێت، بەشێوەیەکی بازییە بەجۆرێک خاوەن پێداویستی تایبەتیش بتوانن سوودی لێببینن و بەسەریدا بپەڕنەوە”.
بەپێی بەدواداچوونی میدیازان، لەماوەی ئەمساڵدا بەمە چوارەمین پردی پەڕینەوەیە لەچوار جێگەی جیاوازی هەولێر دروست بکرێت و دابنرێت.
فازڵ زیاتر وتی “دیزاین تەواو بووەو، بەم نزیکانە دەدرێتە تەندەرین، دوای ئەوە بە ماوەیەکی کەم کارەکانی تەواو دەبێت و دادەنرێت”.