ژنێک گیانی لەدەستدا دوای وەرگرتنی دەرزی لە نۆرینگەیەک
964+
زەید کۆچەر
ژنێک چووەتە نۆرینگەیەک لە ناحیەی رۆڤیای سەر بە قەزای بەردەڕەش لە دهۆک، لەوێ دەرزییەکیان لێداوە، ئەوە بە تێکچوونی تەندروستی و پاشان گیانلەدەستدانی کۆتایی هاتووە، بە قسەی بەرپرسانی تەندروستی.
ئەمە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە روویداوە، ژنەکە تەمەنی 35 ساڵانە و خێزاندارە، خۆی بە ئەسڵ خەڵکی گوندی یەکمالەی نوێیە لە ناحیەی گردەسێنی سەر بە قەزای ئاکرێ.
سەرەتا دەنگۆی ئەوە هەبوو کە ژنەکە لە نەخۆشخانەی ئاکرێ گیانی لەدەستداوە، بەڵام تەندروستی ئەو قەزایە رەتیکردەوە
نێچیرڤان فەخرەدین وتەبێژی تەندروستی ئاکرێ بە 964ی وت، دوای ئەوەی ژنەکە حاڵی تێکدەچێت، بەپەلە بەرەو نەخۆشخانەی گشتی ئاکرێ دەیگوازنەوە، بەڵام لە رێگادا گیانی لەدەستدەدات.
964 دەزانێت هێشتا کەسوکاری ژنەکە چاوەڕێی وەرگرتنەوەی تەرمەکەن لە توب عەدلی، هەروەها سکاڵایان تۆمار نەکردووە.
تاوەکو ئێستا نازانرێت هۆکاری راستەقینەی گیانلەدەستدانی ژنەکە چی بووە، 964 بەدواداچوونی زیاتر دەکات و بڵاویدەکاتەوە.
پێداچوونەوە: هێمن بەکر