رێكخراوێكی فه‌ڕه‌نسی قوتابخانەیەک له ناو دهۆك دروستده‌كات
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
ماوه‌ى دوو رۆژه رێكخراوێكی فه‌ڕه‌نسی دەستیكردووە بە دروستکردنی قوتابخانەیەکی 12 پۆلی لەگەرەکی ئێتیتی سەنتەری پارێزگاى دهۆک، به‌ڕێوه‌به‌رى پڕۆژه‌كه‌ش ده‌ڵێت، له‌ماوه‌ى چوار مانگ ته‌واو ده‌كرێت.
ئیحسان عەلی، بەرێوەبەری پرۆژە لە رێکخراوی مشن ئینفانسی فەرەنسی بە 964ـی وت “ماوه‌ى دوو رۆژه دەستمان بە دروستکردنی ئەو قوتابخانەیە کردووە، رووبەرەکەی دوو هەزار و 300 مەتر دووجایە”.
وتیشی، ماوەی پرۆژەکە چوار مانگە، لەسەرەتای مانگی حه‌وت تەواو دەبێت، له‌باره‌ى بودجه‌كه‌شییه‌وه وتى “بودجەی پرۆژەکە لەلایەن رێکخراوی مشن ئینفانس دابینکراوە بەڵام ناتوانین ئاماژە بە بڕی پارەکە بکەین.”
به‌پێى زانیارییه‌كانى 964، گەرەکی ئێتیت دەکەوێتە ده‌روازه‌ى دهۆک، تەنیا دوو قوتابخانەی لێیە، بەشێک لە قوتابیانی گەڕەکەکە بەهۆی کەمی قوتابخانەکان دەچنە گەڕەکه‌كانی بەرۆشکێ و نزارکێ.
ئیحسان عەلی روونیكرده‌وه، جگە لە دروستکردنی بینایەی قوتابخانە، رێکخراوەکە هەموو پێداویستی خوێندن هەر لە مێز و داتاشۆ و سپلێت و پێداویستی کارگێری قوتابخانەکە دابیندەکات، جگە لەمەش دوو یاریگای بچووک بۆ یاری تۆپی پێ و سەرمێزیشى له‌ناودا دروست دەکرێت.
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن