دواى 30 ساڵ قیبله‌ خواره‌كه‌یان راستكرده‌وه‌

964+

هیڤی دێوالی- دهۆک

ماوه‌ى 30 ساڵه،‌ نوێژ له‌ مزگه‌وتى گوندێكی سنوورى دهۆك ده‌كرێ، به‌ڵام تازه‌ پێیانزانیوه‌ كه‌ ئاڕاسته‌ى قیبله‌كه‌یان خوار بووه‌ و ئه‌وقاف وتویه‌تى، شه‌ش مه‌تر قیبله‌كه‌یان به‌لاى راستى مزگه‌وته‌كه‌دا خواربۆته‌وه‌.

محەمەد ئەحمەد وتاربێژى مزگه‌وتى گوندى بێسرێ به‌ 964ـی وت “ماوه‌ی 20 رۆژە له ‌رێگه‌ى موبايل‌ زانیویانه‌ كه‌ ئاڕاسته‌ى قیبله‌كه‌یان غه‌ڵه‌ته‌، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌ڵێت “ئه‌وقافی دهۆكمان ئاگادار كرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ردانى مزگه‌وته‌كه‌مان بكه‌ن و قیبله‌كه‌ى راستبكه‌نه‌وه‌”.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، ئه‌وقافى دهۆك لیژنه‌یه‌كی ئه‌ندازیاری ره‌وانه‌ى ئه‌و مزگه‌وته‌ كردووه‌ ئاڕاسته‌ى قیبله‌كه‌ی بۆ راستكردوونه‌ته‌وه‌ كه‌ شه‌ش مه‌تر به‌لاى راستى مزگه‌وته‌كه‌وه‌ خوار دانرابوو.

محەمەد ئەحمەد، ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات كه‌ ئێستا ئاڕاسته‌ى قیبله‌ى مزگه‌وته‌كه‌یان راستكراوه‌ته‌وه و ‌به‌هێڵی سپى دیارییان كردووه، وتیشی “یه‌كه‌مجار له‌رێگه‌ى موبایله‌وه‌ زایومانه‌ قیبله‌ى مزگه‌وته‌كه‌مان غه‌ڵه‌ته‌”.

گوندى بێسرێ سەر به‌ ناحیه‌ى زاویته‌یه‌، له‌و گونده‌دا جگه‌ له‌و مزگه‌وته‌ سێ مزگه‌وتى تر هه‌ن به‌پێی زانیارییه‌كانى 964یش كه‌ له‌ خه‌ڵكى ئه‌م گونده‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، یه‌كێك له‌و سێ مزگه‌وتانه‌ش ئاڕاسته‌ى قیبله‌كه‌ى غه‌ڵه‌ته‌.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن