وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی:
تا نەبێتە 140 هەزار نەیکڕن
964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
چەند رۆژێکە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە دابەزینی بەردەوام دایە، وتەبێژی بازاڕی دراو لە سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەکات تا نەگاتە 140 هەزار نەیکڕن.
جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراو لەسلێمانی قسەی بۆ 964 کردووە و دەڵێت، باشتروایە ھەرکاتێک نرخی 100 دۆلار بەرامبەر بوو بە 145 یان 140 هەزار دینار ئینجا ھاوڵاتیان بیکڕن یان بیگۆڕنەوە.
ئەو قسەیەی وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی لە کاتێکدایە لە 72 کاتژمێری رابردوو تا ئەمرۆ یەکشەممە 2.4.2023، نزیکەی سەرووی پێنج ھەزار دینار لە بەھای دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر دینارت عێراقی دابەزیوە و ئێستا نرخەکەی 150 هەزار دینارە
جەبار گۆران دەشڵێت: ئەگەر بانکی ناوەندی لەسەر لە خستنەروو بەو بڕە زۆرە بەدەوام بێت بەھای دۆلار بۆ 140 بۆ 145 هەزار دینار دادەبەزێت، ئەمەش رێژەیەکی زۆر باشە و کەلێنێکی لەنێوان نرخی فەرمی و نافەرمی دەمێنێت.
زیاتر وتیشی “باشترە لە دۆخی ئێستادا ھاوڵاتیان خۆیان لە بەرزی و نزمی بەھای دۆلار بپارێزن، ئەگەریش ناچار نین باشترە تاوەکو 100 دۆلار بۆ 140 یان 145 ھەزار دینار دانەبزێت ئەوا نەیکڕن، چونکە تا پەسەندکردنی بودجە مەحاڵە بەهای دۆلار بێتەخوار 140 ھەزار دینار”. جەبار گۆران وادەڵێت.