پاڵاوگەیەک خەڵکی زرارەتی هەراسان کردووە
+964
شۆڕش هەرکی— هەولێر
لە چەند رۆژی رابردوو، خەلکی دەڤەری زرارەتی لە پارێزگای هەولێر، لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵاتییەکانەوە، ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بە پاڵاوگەیەکی نەوت لە ناوچەکەیان دەربڕی .
تۆڕی 964 سۆراغی ئەم بابەتەی کرد و قسەی لەگەل خەڵکی دەڤەرەکە کرد.
سەباح زراری، ریش سپیی گوندی قەرەقاجینە، بە تۆڕی 964ی وت، “بێزاربووین لە دەست بۆنی ئەم پاڵاوگەیە، بۆنی ئەوەندە ناخۆشە، هەندێکجار ناتوانین بێینە دەرەوە، لە وەرزی هاوینیشدا، لەگەل موبەریدە، بۆنی دێتەژوورەوە، چەند ساڵێک پێش ئێستا لە رێگەی ناحیە و حزبەوە، داوامان کرد رابیگرێت، بۆ ماوەیەک وەستا، بەڵام دووبارە وەک خۆیەتی”.
زیاتر وتی: نەوتێکی رەش لە پاڵاوگەکە دەردەچێت، بەبێ هەبوونی هیچ فلتەرێک، ئەگەر وابڕوات خەڵکی دەڤەرەکە هەمووی تووشی نەخۆشی دەبن.
تۆڵە مەهدی خۆشناو، بەڕێوەبەری ناحیەی بەحرکە لە بارەی ئەو بابەتە وتی: “لە ماوەی رابردوودا خەڵکی دەڤەرەکە گازاندەی خۆیان گەیاند بە ئێمە، ئێمەش بە شێوەیەکی فەرمی گەیاندمانە دادگا و دادوەر، کە نایاساییە و خەلکی هەراسان کردووە، بەڵام پاڵاوگەکە بە نووسراوی فەرمی رایانگەیاند مۆڵەتیان هەیە و رێگەپێدراون، ئێستاش بۆ جارێکی دیکە سۆراغی ئەم بابەتە دەکەینەوە. .
تۆڕی 964 دەزانێت ، ئەم پاڵاوگەیە زیاتر لە جارێکە لە لایەن خەڵکی دەڤەرەکەوە سکاڵایان لەسەر دەکرێت و سنووری جوگرافیای هاوبەشە لەگەڵ ناحیەی دارەشەکران و بەحرکە ، بۆنەکەشی تەواوی گوندەکانی زرارەتی دەگرێتەوە، بە تایبەتی ئەم گوندانەی لە پاڵاوگەکە نزیکن، ئەوانیش گوندەکانی دەربەند، قەرەقاجین، کەپران، جێژنیکان، قەفەر.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا