16 ساڵە قەزایە و یەک ترافیکی هەیە

964+

زەید کۆچەر – بەردەڕەش

ئەمساڵ قەزای بەردەڕەش یادی 16 ساڵەی بە قەزابوونی دەکاتەوە، سەرەڕای هەبوونی چەندین شەقامی سەرەکی کە بارهەڵگرەکانی رێگای دهۆک بەسەریدا تێپەڕدەبن، بەڵام هێشتا یەک ترافیک لایتی هەیە.

964 سۆراغی هۆکارەکانی کەمی ترافیک لایتی کرد، داواکاری خەڵکمان گەیاندە شارەوانی قەزای بەردەڕەش.

سیروان حەسەن قادر، سەرۆکی شارەوانی بەردەڕەش بە 964ی وت “چەند شوێنێکی دیاریکراومان هەیە بۆ دانانی ترافیک، بەڵام ئێمە زۆرتر پێویستیمان بە بەرزەپرد و ژێرپرد هەیە، بۆ نمونە لە فولکەی قایمقامیەت، ئەو شەقامە بۆتە خاڵی لێکبەستنەوەی دهۆک بە هەولێر، کە بارهەڵگری زۆری بەسەردا دەڕوات”.

قەزای بەردەڕەش، خاوەنی دوو شەقامی سەرەکییە، شەقامی خێڵەکی و  قایمقامییەت، هەردوو شەقامەکە ستراتیژین و وەک رێگای بازرگانی ناسراون.

سەرۆکی شارەوانی بەردەڕەش، ئەوەش دەڵێت: رۆژانە جەنجاڵیەکی زۆر لەم دوو شەقامە دروست دەبێت، پێویستە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، خەمێک لەو شەقامانە بخوات، ئەم پڕۆژانە بە شارەوانی دروست ناکرێت.

بەردەڕەش لە ساڵی 2007ـەوە بوەتە قەزا، 106 گوندی لەسەرە و نزیکەی 160 هەزار کەسی تێیدا نیشتەجیێە و هەرسێ ناحیەی رۆڤیا، کەڵەک و دارەتوو لەخۆدەگرێت.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی