بە بڕیاری عەلى زەیدى

پێناسى گومرگى دەبێتە 5% و گەشتیاران ساڵانە 12 جار دۆلار وەردەگرن

964+

وریا فەتاح

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی 27ی تشرینی دووەمی 2026، بڕیاریدا پێناسی گومرگی لەسەر سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان یەکبخات و رێژەکەی بکاتە 5%.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیران، ئەم بڕیارە لە رۆژی 1ی کانوونی یەکەمی 2026ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم کاڵا هاوردەکراوەکان دەگرێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، هەر بەپێی رێکارە نوێیەکان، بانکی ناوەندیی عێراق ژمارەی پشکی نەختینەیی دراوی بیانی بۆ گەشتیاران لە 6 جارەوە لە ساڵێکدا زیاد دەکات بۆ 12 جار، ئەویش بە بڕی 3 هەزار دۆلار بۆ هەر گەشتیارێک.

نووسینگەی سەرۆک وەزیران دەڵێت، ئامانج لەم هەنگاوانە بەهێزکردنی سەقامگیریی ئابووری و رێکخستنەوەی سیاسەتی بازرگانی و نەختینەییە، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بە شێوەیەکی فراوانتر سوود لەم ئاسانکارییانە ببینن.

پێناسى گومرگی چییە؟

ئەو باجانەیە کە حکومەت لەدەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان لە بازرگانەکان وەریدەگرێت کاتێک کاڵا لە دەرەوەی وڵاتەوە دەهێننە ناو عێراق، یەکخستنەکەشى بۆ ئەوەیە جیاوازى نەمێنێت لە جیاوازى نرخەکان، بۆنمونە کاڵایەک کە پێشتر 10% بووە و یەکێکى تر 15% بووە، یان لە دەروازەیەکەوە بۆ دەروازەیەکى تر پێناسەکە جیاواز بووە، بەم بڕیارە ئەو جیاوازیانە نامێنن و لە سەرەتاى ساڵەوە هەموویان یەکدەخرێن و دەبێت بە 5%.