لە نیوەڕۆوە سەرەیان بۆ هەینی رەش گرتووە
964+
ئەحمەد شەمزین- هەولێر
بە بۆنەی هاتنی بلاک فرایدەی (هەینیی رەش) کە تێیدا زۆربەی فرۆشگاکان داشکاندن لە نرخی کاڵا و ئامێرەکاندا دەکەن، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییانی هەولێر بە پلانێکی تایبەت و لە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆوە نۆرەیان گرتووە و بە نیازن تا بەیانی لەبەردەم فرۆشگاکاندا بمێننەوە.
ئەم نەریتە کە ماوەی چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستانیش پەیڕەو دەکرێت، وایکردووە کڕیاران شەونخونی بکەن بۆ بەدەستهێنانی لاپتۆپ و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بە نرخێکی داشکێنراو.
مەریوان ئاسۆ، یەکێک لەو گەنجانەی لە کاتژمێر پێنجی ئێوارەوە لە نۆرەدایە، بە 964ـی وت: «دەمەوێت لاپتۆپێک بۆ یاری و گەیمینگ بکڕم، زۆر لەمێژە چاوەڕێی ئەم رۆژە دەکەم و تا بەیانی لێرە دەمێنمەوە».
هەندێک لە کڕیارەکانیش بە نۆرە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان شوێنەکانیان دەگرن؛ عەبدولقەهار وەحدەدین، گەنجێکی دیکەیە کە لەگەڵ براکەیدا هاتووە و دەڵێت: «براکەم لە کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆوە لێرە داناوە، خوێندکاری بەشی ئینگلیزیم و دەمەوێت لاپتۆپێک بۆ خوێندنەکەم بکڕم».
لەلایەکی دیکەوە، فرۆشگاکان رێوشوێنی تایبەتیان بۆ رێکخستنی نۆرەکان داناوە؛ سەهاک عەدنان، سەرپەرشتیاری بەشی فرۆشتنی کۆمپانیای «بێست تێک» بە 964ـی راگەیاند: “ماوەی دوو رۆژە هیچ بەرهەمێکمان نەفرۆشتووە و بۆ رێکخستنی نۆرەکانیش چەند یاسایەکمان داناوە، لەوانە هەموو کاتژمێر جارێک ناوی ئەو کەسانە دەخوێنینەوە کە تۆمارکراون، هەر کەسێکیش لە شوێنەکەی نەبێت ئەوا ناوەکەی دەسڕدرێتەوە”.