سەنتەری میترۆ: کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە ئاگر و ئاسن چارەسەر ناکرێن

کوردستان جەلال

سەنتەری میترۆ لەبارەی دۆخی سیاسیی نێوان هەولێر و بەغدا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
سەنتەری میترۆ، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئەزموونەکان سەلماندوویانە قسەکردن لەگەڵ هەولێر یان هەر پێکهاتەیەکی نیشتمانی بە زمانی هەڕەشە و هێز کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو ئاڵۆزتری دەکات و زیان بە بەرژەوەندیی سەرجەم عێراقییەکان دەگەیەنێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، جا دەستووری یان ئابوری یان ئەمنی بن، بە پلەی یەکەم پرسی سیاسی و مافپەروەرین و ناتوانرێت بە ئاسن و ئاگر یان بە بڕیاری تاکلایەنە چارەسەر بکرێن، بەڵکو دەبێت بە گفتوگۆیەکی ئاشتییانەی جددی کە پابەند بێت بە دەستوور و رێککەوتنە دووقۆڵییەکانەوە، چارەسەر بکرێن.

سەنتەری میترۆ، دەڵێت، بە توندی سەرکۆنەی هەوڵەکانی ورووژاندنی رقوکینەی نەتەوەیی و تایفەگەریی دەکەین کە زۆرینەی ئەو کەناڵە ئاسمانییانە پەیڕەوی دەکەن کە بە پارەی گرووپە چەکدارەکانەوە بەڕێوە دەبرێن و چیدی سەکۆی میدیایی نین ئەوەندەی بوونەتە ئامرازی هاندەر بەرەو سەرکێشیی سەربازی و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی قووڵتر دەکەنەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە:

ئەزموونەکان ئەوەیان سەلماندووە کە ئاخاوتن لەگەڵ هەولێر یان هەر پێکهاتەیەکی نیشتمانی بە زمانی هەڕەشە و هێز کێشەکە چارەسەر ناکات، بەڵکو ئاڵۆزتری دەکات و زیان بە بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکان دەگەیەنێت.

پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر چ دەستووری بن یان ئابووری یان ئەمنی بە پلەی یەکەم پرسی سیاسی و مافن، و ناکرێت بە ئاسن و ئاگر یان بە بڕیاری تاکلایەنە چارەسەر بکرێن، بەڵکو پێویستیان بە گفتوگۆیەکی ئاشتییانەی جددی هەیە کە پابەند بێت بە دەستوور و رێککەوتنە دووقۆڵییەکانەوە.

لەم چوارچێوەیەشدا، سەنتەری میترۆ بە توندی ئیدانەی هەوڵەکانی ورژاندنی رقوکینەی نەتەوەیی و تایفی دەکات کە زۆرینەی ئەو کەناڵە ئاسمانییانەی بە پارەی گرووپە چەکدارەکان بەڕێوەدەبرێن، ئەنجامی دەدەن.

ئەو کەناڵانەی کە بە دەیان دەخەمڵێندرێن، هێندەی بوونەتە ئامرازی هاندان بەرەو سەرکێشیی سەربازی و قووڵکردنەوەی درزی کۆمەڵایەتی، هێندە وەک سەکۆی میدیایی نەماونەتەوە.

چاودێریمان کردووە کە گوتارێکی رەگەزپەرستانە و هاندەرانە دژی کورد و هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن سەرکردایەتیی گرووپە چەکدارەکانەوە لە رێگەی ئەو سەکۆیانەوە بڵاودەکرێتەوە؛ ئەمەش رێبازێکی رەتکراوەی نیشتمانی و ئەخلاقییە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی گشتیی عێراق.

هەروەها سەنتەری میترۆ رەتی یەکجارەکیی خۆی بۆ هەر گوتارێکی رق و کینەی نەتەوەیی، تایفی یان ئایینی رادەگەیەنێت، سەرچاوەکەی هەر کەس و لایەنێک بێت کە لە پشتییەوە بێت، و جەخت دەکاتەوە کە نابێت ئازادیی راگەیاندن بکرێتە داپۆشەرێک بۆ هاندان لەسەر توندوتیژی یان سووکایەتی بە پێکهاتە نیشتمانییەکان یان زیانگەیاندن بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی.

سەنتەری میترۆ داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات زمانی عەقڵ و حیکمەت زاڵ بکەن، داواش لە هەمووان دەکات گوتاری رق و کینە رەت بکەنەوە و پابەند بن بە میکانیزمە دەستوورییەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.

پێویستە لەسەر هەموو دەزگا راگەیاندنەکانی عێراق، بەتایبەتی ئەوانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە پاڵپشتی دەکرێن، دەستبەرداری گوتاری رق و کینە و هاندانی نەتەوەیی و تایفی ببن و پابەندی پێوەرەکانی پیشەییبوون و ئیتیکی راگەیاندنی ئازاد بن.

داواش لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندن و دادگای عێراق دەکەین بەرپرسیارێتیی خۆیان لە ئەستۆ بگرن لە گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان و لێپرسینەوە لەو کەناڵانەی گوتاری رق و کینە و هاندان بۆ توندوتیژی بڵاودەکەنەوە، بەبێ لایەنگری و جیاوازی.

داوا لە نوخبە سیاسی، رۆشنبیری و میدیاییەکانی عێراق و کوردستان دەکەین کار بکەن بۆ بەهێزکردنی کولتووری لێبووردەیی و هاوڵاتیبوونی هاوبەش.

بانگەواز لە رۆشنبیران، ئەکادیمییەکان، نووسەران و رۆژنامەنووسە بەشەرەفەکانی عێراق دەکەین، بە جیاوازیی ئاراستە نەتەوەیی، ئایینی و سیاسییەکانیان، ئەرکی نیشتمانیی خۆیان جێبەجێ بکەن، داوا لە کەناڵە میدیاییەکان بکەن گوتارێکی بەرپرسیارانە بگرنەبەر کە پارێزگاری لە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان بکات، و بەرژەوەندیی باڵای وڵات بخاتە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکی تەسکەوە.