كۆمهڵێک بهرپرس له كهركوک دوورخرانهوه
عێراق كۆمهڵێک رێنمایی بۆ نهوت و غازی كوردستان و دهروازه سنوورییهكان دهركرد
ئهحمهد مستهفا
وتهبێژی هێزه چهكدارهكانی عێراق، ئهمڕۆ سێشهممه 24.11.2026 كۆمهڵێك بڕیار و راسپاردهی سهبارهت به لێكۆڵێنهوه له دۆسیهی بهقاچاخبردنی نهوت له عێراق راگهیاند، هاوكات كۆمهڵێك بهرپرس له كهركوك دوورخرانهوه.
ههروهها سهبارهت به ههرێمی كوردستان و چهند بڕیار و راسپاردهیهك راگهیاندران.
راگهیاندراوهكه بهم جۆرهیه:
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران ، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان عەلی زەیدی، پێداچوونەوەی بە راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە بەقاچاخبردنی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور کرد؛ بە پشتبەستن بەو بنەمایەی کە سەروەریی نیشتمانی دابەش نابێت و پاراستنی سامانی عێراق جەنگێکی چارەنووسسازە، کە دەوڵەت لە رێگەیەوە سنوورێکی یەکلاکەرەوە بۆ هەموو جۆرە قاچاخچێتییەک دادەنێت، فەرمانی دەرکردنی کۆمەڵێک رێکار و بڕیاری کرد بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەکەم: بڕیار و رێکارەکانی کارگێڕی و کۆنترۆڵکردن
1. بەخشینی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە پۆستەکەی.
2. دوورخستنەوەی هەریەک لە؛ (فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک) لە پۆستەکانیان بەهۆی بەدواداچوون نەکردنیان بۆ دۆسیەی بەقاچاخبردنی بەرهەمە نەوتییەکان.
3. بەخشینی فەرماندەی لیوای یەکی پۆلیسی وزە و جێگرەکەی و بەڕێوەبەری هەواڵگریی لیوای یەکی پۆلیسی وزە و بەڕێوەبەری بەشی بازگەکانی لیواکە لە پۆستەکانیان.
4. ئاراستەکردنی سزای سەرزەنشتکردن بۆ بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی و بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی لە پارێزگای کەرکوک.
5. دوورخستنەوەی کاتی بۆ هەریەک لە؛ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور و جێگرەکانی، تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان لەلایەن دەستەی دەستپاکیی فیدراڵییەوە، هەروەها ڕەوانەکردنی بەڕێوەبەری پێشوو بۆ لێکۆڵینەوە.
6. بەخشینی بەڕێوەبەری بەشی پشکنین لە کەرکوک سەر بە کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان؛ بەهۆی جێبەجێنەکردنی ئەرکەکانی.
7. دوورخستنەوەی کاتی بۆ هەریەک لە؛ بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پیشەسازییە کانزاییەکان لە وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان، تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان لەلایەن دەستەی دەستپاکیی فیدراڵییەوە.
دووەم: راسپاردە کارگێڕی و هونەرییەکان
1. رەوانەکردنی دۆسیە و سەرپێچییەکان بۆ دادگا و راسپاردنی دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی بۆ لێکۆڵینەوە لەو سەرپێچییانەی خوارەوە و خستنەڕوویان لەبەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی ناوەندی:
أ. وردبینیکردن لە گرێبەستەکانی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان کە لە نێوان کۆمپانیای نەوتی باکوور و کۆمپانیای “میحوەر ئەلفزی” و کۆمپانیاکانی دیکەدا واژۆ کراون و دڵنیابوونەوە لە تەواوی بڕە دابینکراوەکان.
ب. وردبینیکردن لە میکانیزمی رادەستکردن یان دابینکردنی نەوتی خاو لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە بۆ پاڵاوگەی بازیان و پاڵاوگەی کار و دڵنیابوونەوە لە هاوتابوونی بڕە دابینکراوەکان لەگەڵ بڕە وەرگیراوەکان.
ج. لێکۆڵینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی کۆمپانیای نەوتی باکوور؛ بەهۆی کەمتەرخەمی و کورتهێنانیان لە بەدواداچوون و بوونی سەرپێچی.
د. لێکۆڵینەوە لەو مۆڵەتانەی کە بە سەرجەم کارگەکان دراون لەلایەن وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانەوە (بەڕێوەبەرایەتیی گەشەپێدانی پیشەسازی) و ئەو کۆمپانیایانەی بوونەتە هۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی.
هـ. لێکۆڵینەوە لەو بڕە پارانەی کە بۆ پاسەوانە مەدەنییەکانی تایبەت بە پاراستنی بۆرییە نەوتییەکان خەرج کراون؛ لەبەرئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بوونیان نییە.
و. لێکۆڵینەوە لەو سەرپێچییە تۆمارکراوانەی کە تایبەتن بە نەبوونی پشکنینی تاقیگەیی و ئاشکراکردنی ئەو بڕە بەرهەمە نەوتییانەی لە رێگەی دەروازەکانی هەرێمەوە هەناردەی دەرەوەی عێراق کراون.
2. رێکارەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستانی عێراق و دەروازە سنوورییەکان:
أ. راسپاردنی سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بە پێنەدانی رەزامەندیی هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان تەنیا لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە نەبێت، بۆ رێگریکردن لە تێکەڵبوونی دەسەڵاتەکان.
ب. وەرگرتنەوەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکانەوە.
ج. راسپاردنی وەزارەتی نەوت بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتییانەی سەر بە وەزارەتن و دەکەونە سنووری کارگێڕیی پارێزگاکانی (دیالە – کەرکوک – سەڵاحەددین – نەینەوا)ـەوە کە لە رووی ئەمنییەوە لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی عێراقدان.
3. رێکارە ئەمنی و سەربازییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان:
أ. فەرماندەیی هێزەکانی سنوور ئەرکی داخستنی دەروازە نافەرمییەکان دەگرێتە ئەستۆ لە چوارچێوەی سنوورە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لە نێویشیاندا دەروازەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق.
ب. راسپاردنی وەزارەتی بەرگری بۆ ئەوەی لیواکانی گرنگیپێدانی هاوبەش (یەکەم – دووەم) سەرجەم رێگا خۆڵەکان لە نێوان پارێزگاکانی (دیالە – سەڵاحەدین – کەرکوک – نەینەوا) و هەرێمی کوردستانی عێراق دابخەن.
ج. راسپاردنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بۆ گرتنەدەستی سەرجەم کێڵگە نەوتییەکان و چاودێریکردنیان بە کامێرا، بەو کێڵگانەشەوە کە دەکەونە سنووری کارگێڕیی حکوومەتی فیدراڵی و لە ڕووی ئەمنییەوە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێم”ـدان.
4. رێکارە هونەری و چاودێری و ئەندازیارییەکان:
أ. ئامادەکردنی میکانیزمێکی روون کە جووڵەی بەرهەمە نەوتییەکان لە نێوان پارێزگاکان و لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە رێکبخات و سەرجەم لایەنەکان پابەند بن پێوە.
ب. بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەمیانە بۆ پاراستن و چاودێریکردنی بۆری و بیرە نەوتییەکان (نوێکردنەوەی سیستەمی نیشتمانیی دیجیتاڵی بۆ چاودێریکردنی هێڵەکانی نەوت و ئاشکراکردنی قاچاخچێتی).
ج. بەستنەوەی پێوەری ئەلیکترۆنی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە لەسەر سەرجەم بیرە نەوتییە کاراکانی عێراق.
د. ئامادەکردنی گۆڕەپانی تایبەت لە بازگەکانی دەروازەی (سلێمانی – هەولێر – دهۆک) لەلایەن تیمی ئەندازیاریی سەر بە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، کە فەرمانبەرانی وەزارەتی نەوت و پۆلیسی وزە و ئاسایشی نیشتمانی تێیدا جێگیر بن، هەروەها دروستکردنی تاقیگە لەو بازگانەدا بۆ پشکنینی ئەو بەرهەمانەی بەرەو ئەو پارێزگایانە دەردەچن.
هـ. راسپاردنی وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان بۆ گواستنەوەی سەرجەم کارگەکانی قیری ئۆکسێنراو و نەفتا کە دەکەونە سنووری کارگێڕیی پارێزگاکانی (دیالە، سەڵاحەددین، کەرکووک و نەینەوا) و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەمنیی حکوومەتی فیدراڵیدان، بۆ ناوچەکانی دیکەی ناو هەمان ئەو پارێزگایانە لە ماوەی (6) مانگدا.
سەباح نوعمان
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان
24ی تشرینی دووەمی 2026