شەوی رابردوو چی روویدا؟
هەڵوێستە تازەکانی مەسرور بارزانی و ریمۆنتاداکەی نەورۆز
پەری ساڵح
هەڵوێستە تازەکانی مەسرور بارزانی و ترەمپ، ریمۆنتاداکەی نەورۆز و دوو رووداوی دڵتەزێن لە کفری و بەسڕە:
📌شەوی رابردوو نەورۆز ریمۆنتادای لە یانەی گەرمەی کرد؛ لەدوا خولەکدا گۆڵی سێیەمی کرد و بە ئەنجامی 3 – 2 لە یانەی گەرمەی بردەوە، هاندەرانیش بە جۆش و خرۆشەوە رژانە شەقامەکان و ئاهەنگیان گێڕا.
📌لەسەر رێگای کفری بۆ گوندی کارێز، بەهۆی پێکدادانی نێوان بارهەڵگرێک و ماتۆڕسکیلێک، ماتۆڕسوارێکی تەمەن نزیکەی 17 ساڵی دانیشتووی قەزای کفری گیانی لەدەستدا؛ ئاراس کەریم بەڕێوەبەری هاتوچۆی کفری بە 964ـی راگەیاند کە تەرمەکەی رەوانەی پزیشکی دادی کەلار کراوە.
📌لە ناوچەی رومێلەی سەر بە پارێزگای بەسڕە منداڵێکی تەمەن سێ ساڵ کەوتە ناو بیرێکی ئیرتیوازی و گیانی لەدەستدا، سەیف حەمداوی، ئێشکگر لە نەخۆشخانەی بەسڕە بە 964ـی وت، بەهۆی قوڵایی بیرەکە، نەمانی ئۆکسجین و مانەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر، منداڵەکە هەر لەناو بیرەکەدا گیانی لەدەستداوە.
📌مەسرور بارزانی بۆ کەناڵی شەمس: هەڵوێستی فەرمیمان زۆر روونە، کوردستان نابێتە بەشێک لە هیچ ململانێیەکدا، ئەگەر هەڕەشەمان لەسەر بێت ئێمە ئامادەین بۆ بەرگریکردن لە هەرێم.
📌مەسرور بارزانی: نابێت هیچ قەوارەیەک لە دەرەوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکان لە عێراقدا بوونی هەبێت، ئامانجی ئێمە یارمەتیدانی حکومەتی فیدڕاڵە لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی هەموو ئەو هێزانەی هەن.
📌مەسرور بارزانی: لە رابردوودا چەندین هێرشی ناڕەوا کراوەتە سەر هەرێم، نیوەی زیاتری هێرشەکانى سەر هەرێم لەناو خاکی عێراقەوە ئەنجام دراون
📌مەسرور بارزانی: رێگە نادەین خاکی کوردستان دژی هیچ وڵاتێکی درواسێ بەکاربێت و هەرشتێک پێچەوانەی ئەمە بێت تەنیا دەنگۆ و گومانە.
📌مەسرور بارزانی: فیدراڵیزم دابەشکردنى وڵات نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکى هاوبەشە بۆ هەمووان و مافى هەموو پێکهاتەکان گەرەنتى بکرێت.
📌میدیای عێراقی: کشانەوەی لیوای 45ـی سەر بە ح*زبو*ڵڵای عێراق لە ناوچەی جورف سەخر.
📌ئێران هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر بەحرەین و دامەزراوەیەکی پیشەسازیی مەدەنیی لەو وڵاتە کردووەتە ئامانج، بەهۆی ئەو هێرشەوە ئاگر لە شوێنەکەدا کەوتووەتەوە، هاوکات وەزارەتی ناوخۆی بەحرەینیش زەنگی ئاگادارکردنەوەی مەترسیی بۆ هاوڵاتییان لێداوە.
📌لە بەرامبەردا، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی بەحرەین بەرپەرچی بەشێکی زۆری هێرشەکانی داوەتەوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، هەم هێرشەکە و هەم پارچەی ئەو مووشەک و فڕۆکانەی لە ئاسماندا تێکشکێنراون، تەنیا زیانی ماددیی سووکیان هەبووە و هیچ کەسێک بریندار نەبووە.
📌سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دوو راداری سیستمی بەرگرییان لە دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە بەحرەین بە درۆن و مووشەک بەئامانج گرتووە
📌ترەمپ: کار لەسەر ئەوە دەکەم رێککەوتنێکی هەمیشەیی لەگەڵ ئێران واژۆ بکەم بۆ ئەوەی ئەگەر دوای چوار یان 15 ساڵی دیکە سەرۆکێکی خراپ و ناکارامەمان هەبوو، ئێران نەتوانێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
📌ترەمپ: زۆر گرنگیم بە گۆڕینی رژێمی ئێران نەداوە، هەندێک خەڵک باسی گۆڕینی رژێم دەکەن، بەڵام تا ئێستا دوو رژێمی ئێرانم گۆڕیوە
📌وەزیری دەرەوەی پاکستان: هیوادارین لە نێوان واشنتن و تاراندا رێککەوتنێکی نزیک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ بێتە ئاراوە.
📌سعودیە: بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی مووشەکێکی بالیستی کە لەلایەن حو*سییە*کانەوە بەرەو ناوچەی رۆژئاوا ئاراستە کرابوو.
📌میدیای ئەمریکی: وەزیری جەنگ کۆتوبەندی نوێ بەسەر هاریکاریی سەربازی لەگەڵ کەنەدادا دەسەپێنێت.
📌سوپای ئوردن رایگەیاند کە باڵۆنی ئاراستەکراوی پێش گەیشتنیان بە سنوور خستووەتە خوارەوە کە ماددەی هۆشبەریان هەڵگرتبوو، لە چوارچێوەی ناوچەی سەربازیی باشووردا.
📌لە کارگەیەکی شیرینی لە ئیندۆنیزیا ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە و بەهۆیە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکەش برینداربوون.