قوتابیانی هەولێر
بە فرۆشتنی کێک و شیرینی هاوکاری بۆ منداڵانی شێرپەنجە کۆدەکەنەوە
کۆسرەت ئەحمەد-هەولێر
کۆمەڵگەی بانی ناحکومی لە هەولێر، بە هەماهەنگی لەگەڵ نەخۆشخانەی نانەکەلی و بە بەشداریی قوتابیان، کەسوکار و فرۆشیاران، هەشتەمین چالاکیی ساڵانەی خێرخوازیی فرۆشتنی خواردن و شیرینی (Bake Sale)ـی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و پشتیوانیکردنی منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی نانەکەلی بەڕێوەبرد.
گۆران رەزا، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی بانی ناحکومی بۆ 964 دەڵێت؛ بە هاوبەشی لەگەڵ نەخۆشخانەی نانەکەلی ئەم چالاکییە ئەنجام دەدەن، کە تێیدا قوتابیان خواردن و خواردنەوە دەهێنن و دەیفرۆشنەوە تا داهاتەکەی پێشکەش بە منداڵانی نەخۆشخانەکە بکەن.
بۆکان عەزیز کە وەک فرۆشیارە سێیەم ساڵە بە کاری دەستیی خۆی و خوشک و دایکی بەشداری دەکات، باس لەوە دەکات کە بەشێک لە داهاتی ئەمڕۆی دەبەخشێتە نەخۆشخانەکە و ئەم کارە بە حەزی خۆی دەزانێت.
کامەران جەلال، باوکی یەکێک لە قوتابییەکان، جەخت لە گرنگیی ئەم جۆرە چالاکییانە دەکاتەوە بۆ پەروەردەی منداڵان و ئەوەشی خستەڕوو کە خواردنەکانیان خەریکە تەواو دەبێت و داهاتەکەی لە رێگەی قوتابخانەکەوە دەگەیەننە نەخۆشخانەی نانەکەلی.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح