یەک رۆژ گرانی کرد زەرەری کردووە
ژنێکی ئیشکەر نان و کەلانە لە دوکانە بچووکەکەی دروست دەکات
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
یەکجار لە کاتی بێ غازیەکەدا حەوت نانم کردە هەزار، ئەو رۆژە لە بری قازانج زەرەرم کرد
لە هەڵەبجە جیا لە نانەواخانە و سەمونخانەکانی ناو بازاڕ ژمارەیەکی زۆر دوکان و شوێنی نانی هەورامیش هەن، کە ئەوانیش حسابی نانەواخانەیان لەگەڵ دەکرێت لە پێدانی غاز و سەردانیکردنی لیژنەکانی قایمقامیەت.
نیگار عەزیز، خاوەنی دوکانێکی بچووکە و لە نزیک ماڵی خۆیان، نانی هەورامی، کەلانە، ناوساجی، کولێرە بە گوێز درووستدەکات و بۆ 964 وتی، ”لیژنەکانی قایمقامیەت بەردەوام سەردانمان دەکەن و ئەم مانگە دوو جار هاتوون بۆ لای من، پێویستە رێنماییەکانیان جێبەجێبکەین، و وا باشترە کە پەڕۆ و قوماش لە جێی نایلۆن و پلاستیک بەکاربهێنین، و مۆڵەتیشمان هەبێت و گونکەکانیشمان 100 گرام کەمتر نەبێت”.
وتیشی:”ئەم بێ کارەباییەی ئێستا بۆ ئێمە زۆر ناخۆشە، بەڵام لە رووی غازەوە ئەم ماوەیە کێشەمان نەبووە، وەک نانەواخانەکان غازمان بۆ دابیندەکەن، بۆیە نرخەکانمان وەک خۆیەتی”.
ئەم خاتوونە ئیشکەرە راستییەک دەلێت کە یەکجار لە بێ غازیەکەی جاری پێشوودا لە جیاتی هەشت نان، حەوت نانم دا بە هەزار، ئەو رۆژە لە بری قازانج زەرەرم کرد، بۆیە بڕیارم داوە هیچ کات نرخ گران نەکەم و بەردەوام هەشت نان بدەم بە هەزار”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی