لە ترسی داڕمانی شاخ و دووبارە شکانەوەی بۆرییەکە

دیوارێکی بەردین بۆ بۆری ئاوی خواردنەوەی چۆمان دروستکرا

شۆڕش قادری

لە ترسی داڕمانی شاخ و دووبارە شکانەوەی بۆری ئاوی چۆمان، دیوارێکی بەردین بۆ بۆرییەکە دروستکرا.

فەرمانگەی ئاوی چۆمان و دەوروبەری چەند وێنەیەکی داناوە و نووسیویەتی، بەمەبەستی  راگرتن و پاراستنی بۆری سەرەکیی 12 ئینجی ئاوی پڕژە بۆ چۆمان، لە مەترسییەکانی رووخانی بەرد و خاک، ئەمڕۆ سێشەممە 17.11.2026 تیمەکانیان دیوارێکی بەردییان لە دەورووبەری بۆرییەکە دروستکردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کارە هەنگاوێکی گرنگە بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی زیانگەیشتن بە بۆرییەکە و دڵنیابوون لە بەردەوامیی گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاوڵاتیانی چۆمان.

لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک بۆری ئاوی خواردنەوەی چۆمان لە کوێستانی پڕژە، بەهۆی داڕمانی بەفر و شاخەوە شکاوە و هەموو جارێکیش بەهۆیەوە خەڵکی قەزاکە بۆ ماوەیەک بێ ئاو بوون.