قوربانییەکی رووداوی هاتوچۆیە
قاچەکان و هاوڕێکانی لەدەستدا، گوڵ جێگەی گرتەوە
میلاد جەلال – گەرمیان
رووداوێکی هاتوچۆ لە ساڵی 2013 ژیانی بەهمەن ناسیحی گۆڕی، بەڵام ئەم گەنجەی دانیشتووی کەلار، سەرەڕای لەدەستدانی توانای رۆیشتن، نەیهێشتووە رووداوەکە هیوای ژیانی لێ بستێنێت.
بەهمەن بۆ 964ـی دەگێڕێتەوە کە لەگەڵ چەند خزمێکی خۆی بەرەو سەرتەکی بەمۆ دەڕۆیشتن، بەڵام ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕا، ئەو لە پشتی شۆفێر دانیشتبوو و قاچی لە کۆشینەکەدا گیربوو بوو، بۆیە نەیتوانیوە لە ئۆتۆمبێلەکە دەربچێت، لە کاتێکدا ئەوانی دیکە لە رێگەی جامەکەوە دەرچوون.
دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانەی دەربەندیخان، پزیشکەکان دۆخی بەهمەنیان بە خراپ وەسف کردووە و بەهۆی خوێنبەربوونی ناوەکییەوە رەوانەی سلێمانی کراوە، لەوێ دەرکەوتووە سێ بڕبڕەی پشتی زیانیان پێگەیشتووە و دوو پەراسووشی شکاوە.
ئێستا دوای 13 ساڵ، بەهمەن لەسەر عەرەبانە ژیان بەڕێدەکات و توانای ڕۆیشتنی لەدەست داوە، بەڵام نەیهێشتووە ئەو رووداوە کۆتایی بە خەونەکانی بهێنێت.
ئەو بەهۆی خۆشەویستی بۆ وێنەگرتنی گوڵ و سرووشت، بیرۆکەیەکی نوێی هێناوەتە بواری کارەوە و دەستی بە فرۆشتنی گوڵ بە شێوەی ئۆنلاین کردووە.
چیرۆکی بەهمەن تەنیا چیرۆکی یووداوێکی هاتوچۆ نییە، بەڵکو نموونەیەکە لە هەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی ژیان، تەنانەت لە دوای گۆڕانکارییە گەورەکانیشدا.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا