رێکخراوێک هاوکاریان دەکات

ژیان لەگەڵ منداڵى ئۆتیزم؛ جیهانێک تەنیا خێزانەکانیان لێى تێدەگەن

964
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
شەوی لافاوەکەی هەولێر، کاتێک ئاو دەچێتە ناو ماڵان، کچە بچووکەکەی تریفە جەمال بە دڵێکی پاکەوە دەڵێت “دەچم مەلەوانی دەکەم”. ئەو رستە سادەیە، دیوێکی دیکەی ژیانی منداڵانی خاوەن ئۆتیزم نیشان دەدات، منداڵانێک کە جیهان بە گۆشەنیگای تایبەت و جیاوازی خۆیانەوە دەبینن و هەر یەکەیان خاوەنی سروشتێکی جیاوازە.

تریفە جەمال، کە دایکی دوو منداڵی خاوەن ئۆتیزمە، بۆ 964 باس لەوە دەکات کە ئاستی ئۆتیزمی منداڵە گەورەکەی سووکترە، بەڵام کچە بچووکەکەی هێشتا ناتوانێت قسە بکات و زۆرجار کە دەبینێت دایکی سەرقاڵی خوشکە گەورەکەیەتی، ئیرەیی دەبات. ئەو دایکە وەک زۆرێک لە خێزانەکانی دیکە، چاوی لە کردنەوەی سەنتەرێکی تایبەتە بۆ ئەوەی منداڵەکانی تێیدا ڕابهێنرێن.
لاى خۆیەوە دلاوەر شێخ محەمەد باوکی کوڕێکی 17 ساڵانی خاوەن ئۆتیزمە و باس لە وردەکاریی پەروەردەکردنی دەکات. ئەو بۆ 964 دەڵێت، “منداڵی ئۆتیزم پێویستی بە چاودێریی بەردەوامە، تەنانەت ئەگەر لە تەنیشتیشی بیت، هێشتا هەست دەکات لێی دووریت.”
بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم خێزانانە، رێکخراوی ئامێزی ئۆتیزم لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان کەمپینێکی هاوکاریی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان و ئەوانەی زیانی لافاویان بەرکەوتووە راگەیاند.
تەزرە بۆتان، سەرۆکی رێکخراوەکە بە 964ـی وت، لەم هەڵمەتەدا نزیکەی پێنج تۆن کەلوپەل و جلوبەرگیان بەسەر 50 خێزاندا دابەش کردووە و جەختی کردەوە کە بوونی سەنتەری راهێنان کلیلە بۆ ئەوەی ئەم منداڵانە بە ئاسانی تێکەڵی کۆمەڵگا ببنەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح