باوکی ساتی تێکچوونی باری تەندروستی کچەکەی دەگێڕێتەوە
ئەو کچەی لە کاتی ئاهەنگی دەرچوونیدا گیانی لەدەستدا نەخۆشی دڵی هەبوو
کۆسرەت ئەحمەد – هەولێر
دەشتی عومەر، باوکی زیلان، وردەکاریی ساتی تێکچوونی باری تەندروستی و کۆچی دوایی کچەکەی دەگێڕێتەوە، کە بەهۆی نەخۆشیی دڵەوە لەناکاو کەوتووە و سەرەڕای هەوڵی پزیشکان گیانی لەدەستداوە.
زیلان دەشتی، کچە خوێندکارێکی دەرچووی بەشی ژینگە بوو، لە کۆلێژی زانستی زانکۆی سەڵاحەدین، دوێنێ پێنجشەممە لە کاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دەرچوونی لەناو یاریگای فرانسۆ هەریری هەولێر، دۆخی تەندروستی تێکچوو و لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
باوکی زیلان بۆ 964 قسەی کرد و وتی، لەناکاو وتیان زیلان کەوتووە، ئێمە بەپەلە لەناو خەڵکەکەدا هاتینە دەرەوە و خۆم و کوڕەکەم و برازایەکم چووینە لای، پاشان گەیاندیانە ئەمبوڵانس لەوێ هەوڵدا چارەسەری سەرەتایی بۆ بکرێت.
وتیشی، دوای ئەوەی زیلانمان گەیاندە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا، پزیشکان زۆر هەوڵیان لەگەڵدا دا و شۆکی کارەباییان بۆ بەکارهێنا، بەڵام کاریگەری نەبوو و خوای گەورە ئەو ئەمانەتەی پێیدابووین، لێی وەرگرتینەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر