داڕماوە
ماڵی دڵداری شاعیر؛ لەبری مۆزەخانەوە بووەتە شوێنی بەخێوکردنی پەلەوەر
دەریا ئەحمەد – کۆیە
ماڵی یونس رەئوف، ناسراو بە دڵداری شاعیر، لە گەڕەکی بەفری قەندیی شاری کۆیە، کە شوێنی لەدایکبوونی ئەم شاعیرە ناسراوەیە و ئەمڕۆ یادی کۆچییەتی، بەهۆی پشتگوێخستن و نەبوونی بودجە بۆ نۆژەنکردنەوە، تەواو داڕماوە.
ئێستا بووە، بە شوێنی بەخێوکردنی پەلەوەر.
یەکێتی واحید، بەڕێوەبەری فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە بە 964ی وت، ماڵەکە یەکێکە لە خاڵە کەلەپوورییەکانی شار، بەڵام هەموو بیناکە ڕووخاوە. بە وتەی ئەو، چەندینجار داواکاری نۆژەنکردنەوەیان پێشکەش کردووە، بەڵام بە بیانووی قەیرانی دارایی ڕەتکراونەتەوە.
ئەو ئاشکرای کردووە کە لە دوا داواکارییاندا، بڕی 140 ملیۆن دیناریان بۆ نۆژەنکردنەوەی ماڵەکە داوا کردووە و بەڵێنیان پێدراوە لە بودجەی پەرەپێداندا نۆژەن بکرێتەوە، بەڵام هێشتا رەزامەندی فەرمی نەهاتووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ 78 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی دڵداری شاعیردا تێدەپەڕێت، شاعیرێک کە بەرهەمە ئەدەبییەکانی بەشێکن لە میراتی کولتووری کورد.
سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەمساڵ نەک چالاکییەکی فەرمی بۆ یادکردنەوەی نەخراوەتە ڕوو، بەڵکو تەنانەت یادەوەریی ئەم رۆژەش کاڵ بووەتەوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا