بەم سەرمایە، ترسی گەرما دنیای کۆکردەوە

سەرۆکی هەرێم رۆژەکەی لە ئیسلام ئاباد دەست پێکرد و لە نیویۆرک تەواویکرد

ژووری هەواڵ

رۆژەکەی سەرۆکی هەرێم لە ئەنتاڵیا قەرەباڵغ و پڕ چالاکی بوو، لە ریزی سەرۆکی وڵاتەکان پێشوازی لێکراو لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا قسەی هەبوو، لە پەراوێزیشدا ئەحمەد شەرعی بینی و بۆ سەردانی بەغداو هەولێر دەعوەتی کرد.

ئەمڕۆ 11ی تشرینی دووەمی 2026 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم چووە ئەنتاڵیا بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP31)، دوێنێ سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر سایتەکەی رایگەیاندبوو کە رەجەب تەیب ئەردۆگان بۆ ئەو کۆنفرانسەو سەردانی تورکیا داوەتی کردووە.

سەرۆکی خانەخوێ لە پێشوازی
ئەو وەفدانەی دەچوون بۆ کۆنفرانسەکە بە ئاستی جیا جیا پێشوازییان لێ دەکرا، رەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆک کۆماری تورکیا خۆی بۆ پێشوازی سەرۆکەکان وەستابوو، لە نێو ئەوانەش نێچیرڤان بارزانی لەبەرچاوی کامێراکان دەرکەوت و لەریزی سەرۆکی دەوڵەتان پێشوازی لێکرا، بڕێک پێکەوە وەستان و سڵاوو قسەوباسیان کردو چەند وێنەیەکیان پێکەوە چرکاند، ئینجا سەرۆکی هەرێم بۆ ناو هۆڵی کۆنفرانسەکە چوو، لە پەراوێزیشدا چەند کۆبوونەوەیەکی یەک لە دوا یەکی کرد.

بۆ شەرع: وەرە بۆ هەولێرو بەغدا
لە ڤیدیۆکانی کۆنفرانسەکە دەرکەوتن نێچیرڤان بارزانی و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا یەک دەبینن و سڵاوو تەوقەیەکی گەرم و گوڕ لەگەڵ یەک دەکەن، سایتی سەرۆکایەتی هەرێم نووسیبووی ”دۆخی کورد لە سوریا ته‌وه‌رێکی دیداره‌که‌ بوو، تیایدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی لە گرنگیی پاراستنی مافه‌کانی کورد و دەستەبەرکردنیان له‌ دەستووری سوریادا کردەوە، هیوای خواست سه‌رۆک ئه‌لشه‌رع له‌ داهاتوویه‌کی نزیکدا سه‌ردانی به‌غدا و هه‌ولێر بکات”.
پەیجەکانی سەرۆکایەتی سوریاش وێنەیەکیان بڵاوکردبووە کە ئەحمەد شەرع و نێچیرڤان بارزانی لەسەر مێزێک دانیشتوون و قسە دەکەن، هەر لەسەر ئەو مێزە بچکۆلەیە، ئەحمەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا و فەوزی هەریری سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمیان لەگەڵە.

رۆژێکی قەرەباڵغ، لە ئیسلام ئاباد هەتا نیویۆرک
بەپێی ئەو وێنانەی سەرۆکایەتی هەرێم لەسەر تێلیگرام بڵاوی کردووەتەوە، سەرۆکی هەرێم لە ئەنتاڵیا سەرۆک و وەفدی زۆر وڵاتی دیوە، هەر لە ئیسلام ئابادەوە هەتا نیویۆرکی تێدایە.
– شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان (ئیسلام ئاباد پایتەختی پاکستانە).
– ئیلهام عەلییێڤ، سەرۆک کۆماری ئازەربایجان.
– عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران.
– شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر.
– رەجەب تەیب، ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا.
– هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا.
– یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا.
– ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا.
– ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا.
– ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکە).

باس باسی وەزعی سیاسی و ئەمنی بوو
جگە لە دیدارەکەی سەرۆکی سوریا، سەرۆکایەتی هەرێم بە تایبەت باسی ناوەڕۆکی سێ کۆبوونەوەی دیکەی کردووە، ئەویش لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمسیۆنی ئەوروپاو وەزیری بەرگری تورکیادا بوون.
لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ”باسیان‌ له‌ دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هه‌ولێر – به‌غدا کرد، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ی ئاڵۆزییه‌کانی ناوچه‌که، بیروڕایان گۆڕییه‌وه‌، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیریی ناوچه‌که‌ و چاره‌سه‌رکردنی ئاشتییانه‌ی کێشه و ناکۆکییه‌کان کرده‌وه‌”، ئەمە راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمە.

لەگەڵ ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ”پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، هاریکاریی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی لە بواری رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی ئاووهەوا و ژینگەدا، تاوتوێ کران، هەروەها باس لە دۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە کرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری کردەوە”. هەمان سەرچاوەی پێشوو.

سەبارەت بە کۆبووەنەوەکەی لەگەڵ یاشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا، سەرۆکایەتی هەرێم لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت ”بارودۆخی ئەمنی و سەربازیی ناوچەکە، هاریکاریی هاوبەشی نێوان تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری، تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگیی ئەمنی و پاراستنی ئارامی کردەوە بە شێوەیەک کە لە خزمەت سەقامگیریی هەردوولادا بێت”.

یەک پلەو نیو سەرکردەکانی دنیای کۆکردووەتەوە
ئەمساڵ 31هەمین خولی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا (COP31) لە شارۆچکەی ئەنتاڵیای تورکیا، لە نێوان 9 تا 20ی تشرینی دووەم، بە سەرۆکایەتیی هاوبەشی تورکیا و ئوسترالیا بەڕێوەدەچێت.

کورتکراوەی COP ئاماژەیە بۆ دەستەواژەی “کۆنفرانسی لایەنەکان – Conference of the Parties”، مەبەست لە لایەنەکان نزیکەی 200 وڵاتە کە لە ساڵی 1992دا یەکەم رێککەوتنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان سەبارەت بە کەشوهەوا ئیمزا کرد.

سەرۆکایەتی COP31 لەلایەن مۆرات کوروم، وەزیری ژینگە و شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوای تورکیاوە دەکرێت، دانوستانەکانیش کریس بۆین، وەزیری گۆڕانی کەشوهەوا و وزەی ئوسترالیاوە بەڕێوەیان دەبات.
ئەم کۆنفرانسە بۆ ئەوەیە وڵاتانی دنیا پێکەوە قسەیەکیان هەبێت و رێ لەبەرزبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما بگرن.

پرۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە (UNEP) لە مانگی تشرینی یەکەم راپۆرتێکی بڵاوکردبووەوە دەڵێ ئیتر دەرفەتی ئەوەمان نەماوە بە هیوای سنوردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی زەویدا بین لە ئاستی 1.5 پلەی سەدی، هەندێ لە سەرچاوەکانیش دەڵێن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی بەرهەمی چالاکییەکانی مرۆڤ، دەکرێت ساڵی 2027 بکاتە یەکێک لە گەرمترین ساڵەکان لە سەرەتای تۆمارکردنی پلەکانی گەرماوە.

بۆچی یەک پلەو نیو؟
زانایانی کەشوهەوا دیارییان کردبوو کە ئەگەر تێکڕای پلەی گەرمیی زەوی بەراورد بە سەردەمی پێش دەستپێکردنی پێشەسازی زیاتر لە 1.5 پلەی سەدی بەرز ببێتەوە، جیهان رووبەڕووی وەرچەرخانی مەترسیدار دەبێتەوە (وەک وشکەساڵی توندتر، لافاوی وێرانکەر، توانەوەی سەهۆڵبەندەکان و تێکچوونی تەواوی سیستەمی ژینگەیی).