"بە بەلاش سەیارەکانیان چاک دەکاتەوە"
فیتەرێکی گەڕۆک خزمەتی ئەو کەسانە دەکات کە لە لافاوەکەدا لێیان قەوماوە
رێباز یونس – هەولێر
فیتەرێکی گەڕۆک کوچە و کۆڵانەکانی هەولێر دەگەڕێت و خزمەتی ئەو کەسانە دەکات کە لە لافاوەکەدا لێیان قەوماوە و سەیارەکانیان بۆ نەبراوتە سەناعە.
لە لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی هەولێر بەدەیان ئۆتۆمبێل ژێرئاو کەوتن و زیانیان بەرکەوت، لەم دۆخە سەختەدا هەندێک لە هاوڵاتیان تەنانەت پارەی ئەوەشیان پێ نەبووە، سەیارەکانیان ببەنە سەناعە و چاکی بکەنەوە، وەستا سەعد کە پێشتریش فیتەرێکی گەڕۆک بووە و هەمیشە ئەشیاکانی لە پشتی سەیارەکەی دایە، ئێستا شەقام و کۆڵانەکانی هەولێر دەگەڕێت و هەر کەس پێویستی پێی هەبێ یارمەتی دەدات.
جا ئەم وەستا لێزان و دڵفراوانە بۆ چاککردنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەر لافاوەکە کەوتوون، یەک دیناریش وەرناگرێت و وەک خۆی دەڵێت، هەمووی بە بەلاش چاک دەکاتەوە، لەم چەند رۆژەشدا زیاتر لە 10 ئۆتۆمبێلی چاک کردووەتەوە و دڵێ شۆفێرەکانیانی خۆش کردووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری