خەڵکی شار دەیکڕن
بازاڕی سۆپای دار جمەی دێت
ئاکام غەفور-سۆران
لەتاو سەرما و سۆڵە و گرانیی نرخی نەوت و کەمبوونەوەی کارەبا هاوڵاتیان پەنایان بۆ سۆپای دار بردووە و دەستناکەوێ، فرۆشیارێک دەڵێت زیاتر خەڵکی شار دەیکڕن، لەکاتێکدا نرخەکەشی گران بووە.
هابیل هەمزە، سۆپافرۆشێکی سۆرانە بۆ 964 دەڵێت، “هیچ ساڵێک هێندەی ئەمساڵ خواست لەسەر سۆپای دار نەبووە، رۆژ هەیە 50 سۆپا دەفرۆشم، بەجۆرێک خواستی لەسەرە، ئەمڕۆ لە بازاڕ نەماوە، بە جوملەش دەست ناکەوێت بیکڕین”.
“ساڵانی رابردوو نرخی سۆپای دار 25 هەزار بوو، بەڵام ئەمساڵ بە 35 هەزار دەیکڕین و لەسەر هاوڵاتیش گرانتر دەکەوێت، خەڵکی فەقیر باجەکەی دەدات”، هابیل هەمزە، وادەڵێت.
وتیشی، “خەڵک هەیە پارەی نەوتی نییە و داریشی نییە، دەڵێت سۆپای دار دادەنێم مقەبا و کارتۆنی تێدەکەم با منداڵەکانم لە سەرما رەق نەبنەوە”.
پێداچوونەوە: کوردستان جەلال