ئه‌مشه‌ویش سلێمانی بێ كاره‌با ده‌بێت

قایمقامیه‌ت و خاوه‌ن مۆلیده‌كان نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن

دیلان محه‌مه‌دجه‌زا – سلێمانی

دوای دوو کاتژمێر له‌ كۆبوونه‌وه‌، قایمقامیه‌تی ناوه‌ندی سلێمانی و نوێنه‌ری مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كانی سلێمانی نەگەیشتنە ڕێکەوتن و ئه‌مشه‌ویش شاره‌كه‌ بێ كاره‌با ده‌بێت.

964 له‌ قایمقامیه‌ته‌ و له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ نوێنه‌رانی مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان قسه‌ی كرد، كه‌ وتی، نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن و به‌ هیواین سبه‌ی دووباره‌ دابنیشینه‌وه‌ و گفتوگۆ بكه‌ین.

وتیشی، “ماوه‌یه‌كه‌ بێ كار بووین و پاره‌مان نییه‌ گاز دابین بكه‌ین، قایمقامیه‌تیش رازی نابێت پێشه‌كی پاره‌ی كاره‌با وه‌ربگرین، بۆیه‌ رێكنه‌كه‌وتین، سبه‌ی گفتوگۆ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و قایمقامیه‌تیش راوێژی نێوان خۆیان ده‌كه‌ن”.

به‌هۆی ئه‌و هێرشه‌ی دوێنێ شه‌و كرایه‌سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر، به‌رهه‌مهێنانی غاز بۆ وێستگه‌كان وه‌ستا و به‌مه‌ش بڕی 2700 مێگاوات كاره‌بای كوردستان كه‌مبووه‌ته‌وه‌ و كێشه‌ی دروست كردووه‌، به‌ تایبه‌تی بۆ كاره‌بای شاری سلێمانی.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا