لە گومرگی هه‌ولێر

“سه‌وزه‌ و میوه‌ گران بووه‌ و نایه‌ته‌ كڕین”

كۆسره‌ت ئه‌حمه‌د – هه‌ولێر

نرخی سه‌وزه‌ و میوه له‌ گومرگی هه‌ولێر گران بووه‌ و كاسبكارێكیش داوا ده‌كات حكومه‌ت چاودێریی بازاڕ و نرخه‌كان بكات.

964 له‌ گومرگی هه‌ولێر بوو، ئه‌وانه‌ی دێن له‌وێ سه‌وزه‌ و میوه‌ ده‌كڕن و له‌ بازاڕه‌كان ده‌یفرۆشنه‌وه‌، گله‌ییان له‌ گرانیی نرخه‌كان هه‌بوو.

مه‌جید عه‌بدوڵا، كاسبكارێكی ئاكرێیه‌ و هاتبوو له‌ هه‌ولێر شت بكڕێت، به‌ڵام ده‌ڵێت، “به‌ده‌ستبه‌تاڵی ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ و شت نایه‌ته‌ كڕین”.

ده‌شڵێت، پیاز زۆر گران بووه‌ و كیلۆی له‌ گومرگ به‌ هه‌زار و 400 دیناره‌، هه‌ناریش گرانه‌.

ئه‌و كاسبكاره‌ ده‌ڵێت، نازانین چی بووه‌ و بۆ وا شت گران بووه‌، پێویسته‌ حكومه‌ت چاودێریی نرخه‌كان بكات.

گرانبوونی به‌شێكی سه‌وزه‌ و میوه، ‌پێده‌چێت په‌یوه‌ندی به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار و به‌نزینه‌وه‌ هه‌بێت، جگه‌ له‌وه‌ی هه‌ندێک له‌و به‌رهه‌مانه‌ وه‌رزیان ته‌واو بووه‌ و نامێنن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا