وەزارەتی ناوخۆ رێکاری نوێی راگەیاند

500 هەزار دینار بۆ دەرچوونی بیانیانی نایاسایی لە کوردستان دانرا

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، رێکاری نوێی بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئەو بیانییانە راگەیاند کە بە رێگای نایاسایی هاتوونەتە هەرێم و نیشتەجێبوونی فەرمییان نییە.

وەزارەت لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ شەممە، داوای لەو کەسانە کردووە بە پەلە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نیشتەجێبوونی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن، بۆ دەستپێکردنی رێکارەکانی دەرچوون و گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان.

بەپێی نووسراوی فەرمی وەزارەت بە ژمارەی “34702”، بڕی پێبژاردەی دەرچوون 500,000 دیناری عێراقی دیاری کراوە.

ئەم بڕە پارەیە بەبێ ڕەچاوکردنی ماوەی مانەوەی نایاسایی لە هەرێم وەردەگیرێت.

ئەم بڕیارە پشت بە ماددەی 12 و خاڵی 30ی پاشکۆی رێنمایی ڤیزەی ئەلیکترۆنی و نیشتەجێبوونی هەرێمی کوردستانی ساڵی 2021ی هەموارکراو دەبەستێت.

بەمەش وەزارەتی ناوخۆ هەوڵ دەدات دۆخی یاسایی ئەو بیانیانە روون بکاتەوە کە بەبێ نیشتەجێبوونی فەرمی لە هەرێمی کوردستان دەژین.